کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣ ساڵە کتێبخانەیەک تەواو نەکراوە

12:03 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ١٣ ساڵە لە شاری قوروەدا، پرۆژەی دروستکردنی کتێبخانەیەک تەواو نەکراوە و وەک بینایەکی ڕووخاو ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا، پرۆژەی دروستکردنی کتێبخانەی ژمارە سێ لە شاری قوروەی پارێزگای سنەدا دەستی بەکار کرد، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕینی ١٣ ساڵ بەسەر ئەم پرۆژەیەدا، هێشتا تەواو نەکراوە.

بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم بەم پرۆژەوە، هۆکاری تەواونەبوونی ئەم پرۆژەیە بۆ کەمیی بودجە و نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەگێڕنەوە. سەرەتا ئەم کتێبخانەیە بڕیاربووە لە لایەن ئیدارەی گشتیی ڕێگاوبانەوە دروست بکرێت، بەڵام دواتر درا بە ئیدارەی نوێکردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگای سنە.

ئەم پرۆژەیە لە جێی ئەوەی ببێتە شوێنێک بۆ خوێندن و ناوەندێکی بردنە سەری زانیارییەکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە، لە ئێستادا بەهۆی نابەرپرسیاربوونی بەرپرسانی ڕێژیم، بووەتە شوێنێک بۆ کەسانی گیرۆدەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان.

ئەمە یەکەم پرۆژەی تەواونەکراو لە کوردستاندا نییە و پرۆژەگەلی هاوشێوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا دەبینرێت کە چەند ساڵێک بەسەر کردنەوەیاندا تێپەڕیوە و هێشتا تەنیا لە چوارچێوەی ئێسکلێتێکدا ماونەتەوە.