کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستادی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە ئیلام دانی بەوە دانا کە شکستی خواردووە

18:05 - 18 خەزەڵوەر 2720

زیاتر لە ٨ مانگە کەشی نێو شاری ئیلام پڕ بووە لە هەواڵی مردن بەهۆی کۆرۆنا و تەشەنەسەندنی زیاتر ئەم نەخۆشییە.

خەڵکی شاری ئیلام پێیانوایە کێشەی خەڵک بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ و دووکان چارەسەر نابێت؛ بەڵکوو کەمبوونی تەختی نەخۆشخانەکان و گرانیی دەرمان هۆکاری خولقانی ئەو قەیرانەیە.

کاربەدەستانی ڕێژیم  ماوەی ٨ مانگە بە ڕێکخستنی ستادی جۆراوجۆرلە پارێزگای ئیلام لە ژێر ناوی "ستاد، قەرارگاە، دانیشتن و کارگرووپ" ویستوویانە کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکەن بەڵام ئەو کارانە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

هاووڵاتییان دەڵێن ئێستا ٤٨ـەمین دانیشتنی ستادی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە بردووە بەڵام ئەوەش بێ ئەنجام دەبێت.

خەڵک داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردووە کە بۆ چارەسەریی و کەمکردنەوەی ئاماری تووشبووان و مردن به کۆرۆنا پێویستە بە کردەوە هەنگاو بنێن نەک بە ڕێکخستنی ستاد و دانیشتنی بەردەوام یان تەنیا لەسەر کاغەز.

هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان زۆر ئەستەمە و بۆ دەستخستنی دەرمانی کۆرۆنا لە دەرمانخانەکان پێویستە ئاشنایەکت هەبێ یان بەرتیل بدەی.