کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سروشتی شارەکانی جوانڕۆ و ئیلام لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کرانەوە

16:27 - 11 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد بە هاوکاریی لاوانی سەربەخۆی جوانڕۆ بە شێوەی خۆڕسک لە هەوڵێکدا زبڵ و پاشماوەی سروشتی ئەو شارەیان کۆ کردەوە و هەروەها لە هەوڵێکی دیکەدا ژینگەی دەوروبەری شاری ئیلام خاوێن کرانەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە درێژەی شەپۆلی ژینگەپارێزی لە کوردستان، داونێوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی گرووپی لاوانی سەربەخۆی جوانڕۆ (گروە جوانان مستقل جوانرود) بە هاوکاریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان سروشتی ئەو شارەیان لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کردەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن لەو هەوڵەدا کە لەلایەن ژینگەپارێزانی شاری جوانڕۆ بە شێوەی خۆڕسک ئەنجام دراوە سروشتی جوانڕۆ و بەتایبەت دەوروبەری ئەو شارەیان لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کردەتەوە.

هەروەها لەو رۆژدا لە شاری ئیلام یەکێک لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات چالاکانی بواری ژینگە و ژینگەپارێزان لە هەوڵێکی سەیرانگای \'\'چیا سەوز\'\'ی ئەو شارەیان لە زپڵ و خاشاک خاوێن کردەتەوە.

لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری کامیاران بە هاوکاری ئەنجومەنی سەوزی ئاژوان لە هەوڵێکی ژینگە پارێزانەدا سروشتی سەیرانگای کەواریان لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کردەوە.