کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی خامنەیی، کاریگەریی لەسەر ڕێژیمی ئێران دەبێت

13:20 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا : لێکۆڵەرێکی باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەمارۆکانی ئامریکای بۆ سەر ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بە ئامرازێک بۆ گوشارهێنان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە زانی.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی جۆزەردان، ''مایک پریجێنت'' لیکۆڵەرێکی باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا، باسی لەوە کرد کە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران گرینگە، چونکە بە دوای داراییەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و ئەمە بۆ گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە کەڵکی لێوەردەگیرێت.

ناوبراو بە ئاماژەکردن بە دۆخی نالەباری گوزەرانی ژیانی خەڵکی ئێران وتی: "ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆرتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلاری وەسەریەکەوە ناوە و ئەم سزایانە بە هۆی ئەم سامانەیە".

"پریجێنت" باسی لەوە کرد کە گەمارۆکانی ڕابردوو، ڕێژیمی ئێرانی گۆشەگیر کردووە، هەروەها بە ڕای ناوبراو، گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران به مەبەستی گۆڕانی ڕێژیمە و ئەگەر ڕێژیمی ئیسلامی مەرج و داواکارییەکانی ئامریکا قەبووڵ بکات، ڕێژیم دەڕووخێت.

ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی جۆزەدان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران و هەشت فەرماندەی باڵای سپای تێرۆریستی پاسدارانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە دەست لە کردەوە تێکدەرەکان و هەڕەشەئامێزەکانی هەڵبگرێت.