کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعودیە: ئێمە قەرەبووی کەمی نەوتی ئێران دەکەینەوە

23:15 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعودی جیهان دڵنیا دەکاتەوە کە لە ئەگەری کەم‌بوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران ناهێڵێ بشێوی بکەوێتە بازاڕی نەوتەوە.

هەواڵدەریی فەرمی عەرەبستان لەسەر زاری لێپرسراوێکی وەزارەتی نەوتی عەرەبستان ئاشکرای کرد ئێمە دەتوانین لێکەوتەکانی تەحریمی نەوتی ئێران قەرەبوو بکەینەوە؛ لەم هەواڵەدا هاتووە پاشایەتی سعودیە هاوکاری تەواوی بەرهەمهێنەران و کڕیارانی نەوتی خاو دەکات تاکوو کاریگەرییەکانی کەم‌بوونەوەی بەرهەمی نەوتی خاوی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕە جیهانییەکان کەم بکاتەوە.

بە چوونەدەری ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆمەڵێک تەحریمی نوێ لە سێ قۆناغدا دژ بە کۆماری ئیسلامی دێتە کایەوە کە بریتین لە: ئیجرای یاسای "ئیختیاراتی داکۆکی نیشتمانی"، یاسای "ئازادی و دژ بە پەرەسەندنی ناوکی ئێران"، یاسای "تەحریمەکانی ئێران".

بەم پێیەش ئەو بانکە بیانییانەی کە لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئێران ئاڵووێریان هەیە، تەواوی ئەو کۆمپانیانەی کە سەرووی ٢٠ میلیۆن دۆلار سەرمایەیان لە سەنعەتی گاز و نەوتی ئێران داناوە و تەواوی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە لە بیاڤەکانی وزە، کەشتی و کەشتی سازی و بیمەی نەوتکێشەکانی ئێران کار دەکەن دەکەونە لیستەی تەحریمەوە.

لەمبارەوە سەرۆکی لێژنەی "FGE" بە ڕۆیتێرزی وتووە: "ئێمە پێمان وایە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە ١ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا کەم دەبێتەوە"؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئاوریلدا ئێران بڕی ٢ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.

بەشێک لە کارناسانی بیاڤی وزەش دەڵێن بە دووری نازانین ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ٣٥٠ هەزار بەرمیلیش کەم ببێتەوە!