کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمۆرەی دارستانەکانی زاگرۆس، بەهۆی بڕینی دارەکانەوە کەمی کردووە

11:26 - 25 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس، بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی سمۆرەکانی ئەو ناوچەیە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، هەواڵدەری "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ "فەرەیدوون یاوەری"، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، بڵاوی کردەوە کە "ڕاوی ڕاوچی، بڕینی دار بەڕووەکان و وشکەساڵی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا"، بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی سمۆرەی دارستانەکانی زاگرۆس.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری لەنێوچوونی سمۆرە لە دارستانەکانی زاگرۆسدا، لە سەرێیە.

سمۆرە، بە یەکێک لەو ئاژەڵانە دێتە ئەژمار کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی دارستان و ژیانەوە بە دار بەڕووەکاندا هەیە. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس بە شێوەیەکی سیستماتیک، ڕێژیم هەوڵی لەنێوبردنی دارستانەکانی ئەم ناوچانەی داوە.

بڕینی دارستانەکان لە لایەکەوە و سووتاندنیشیان لە لایەکی دیکەوە، بە هۆکاری سەرەکیی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس دێنە ئەژمار، کە سەرەڕای لەنێوچوونی دارەکان، گیانی ئاژەڵانی ئەم ناوچانەشی خستووەتە مەترسییەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، کەسانی نائاگا بە ڕاوکردنی سمۆرە و گیانلەبەرانی ئەم ناوچانە، جارێکی دیکە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر گیانی گیانلەبەران و ژینگەی کوردستان.