کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سناریۆی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە

12:09 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دارستانەکانی کوردستان ماوە بە ماوە بە شێوازێکی گوماناوی ئاگریان تێبەر دەدرێت و بەرپرسان هیچ هەوڵێک بۆ دامرکاندنیان نادەن.

دوێنە دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دارستانەکانی دەوروبەری قوڕێ‌قەڵا، سەر بە شارستانی پاوە، ئاگریان تێبەر دراوە و خەسارێکی زۆری گەیاندووەتە ئەو دارستانانە.

بەپێی ڤیدئۆیەک کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی دەڤەرەکە بۆ خۆیان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ کارێکیان نەکردووە.

شەوی ١٥ی خەرمانانیش بە شێوەیەکی گوماناوی ئاگر بەردرابووە دارستان و لێڕەوارەکانی کێوی ئاربابای بانە کە هەتا درەنگانی شەو درێژەی کێشابوو.

 ئەگەرچی لە هەموو شارەکانی کوردستاندا ئیدارەی ژینگەی ڕێژیم بوونی هەیە، بەڵام بە کردەوە هیچ چالاکییەکیان لەمەڕ پارێزگاریکردن لە ژینگەی کوردستان نییە، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بۆ خۆیان خۆڕسک لە شارەکاندا ڕێکخراوی ژینگەپارێزیان دامەزراندووە و پارێزگاری لە ژینگەی خۆیان دەکەن و لەو پێناوەشدا قوربانی دەدەن.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لەدەست دا.

چاوەدێرانی سیاسی و چالاکانی ژینگەپارێزیی، هۆکاری زۆربەی ئەو ئاگرگرتنانەی دارستانەکانی کوردستان بۆ سپای پاسدارانی ڕێژیم و سیاسەتە دژە کوردییەکانی دەگەڕێننەوە.