کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنه یەک نەشتەرگەری دڵی تێدا نییه

11:43 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ نەخۆشییەکان لە نەخۆشخانەکانی کوردستان و ئێران کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

"بەهمەن مورادنیا"، پارێزگاری ڕێژیم لە پارێزگای سنه باسی لەوە کردووە، پارێزگای سنه لە بەشی پزیشکیدا ئیمکاناتی زۆر کەمی هەیە. ئەو پارێزگایە نەخۆشخانەی تایبەتی بۆ ژنان نییە و هەروەها نەشتەرگەری دڵ لەو پارێزگایە نییە، بۆیە خەڵک داوایان کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە ڕێورەسمی دانانی "وەحید یووسفی" وەک سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی سنه لەو بارەوە قسەی کردووە.

نەبوونی نەخۆشخانە و کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی کێشەیەکە کە بەردەوام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسی لێوە دەکەن، بەڵام هیچ بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران وڵامدەری ئەو کێشانە نییه.

نەبوونی پزیشک  و پەرستاری لێهاتوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مۆتەکەی هاووڵاتییانە و ماوە بە ماوە ھەواڵێک لەسەر گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی کورد بە ھۆی ھەڵەی پزیشکی یان لە بەر نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی بڵاو دەبێتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، هەنووکە ٩٠٠ نەخۆشخانە لە ئێران سەرقاڵی خزمەتگوزارین کە لە سەدا ٥٥ی ئەو نەخۆشخانانە دار و دیوارەکەیان پرتووکاوە.