کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنووردارکردنی ئینتێرنێت لە ئێران کاردانەوەی دەرەکی و نێوخۆیی لێکەوتەوە

17:55 - 8 گەلاوێژ 2721

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان بە ئاماژەدان بە بەیاننامەی ٥٥ ڕۆژنامەوانی ئێران لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەحواز و پچڕانی ئینتێرنێت و هەروەها گەڵاڵەی ناسراو بە ''پاراستنی مافی بەکارهێنەران لە دونیای خوازەکی و ڕێکخستنی پەیامنێرە کۆمەڵایەتییەکان'' کە  دەسپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان سنووردار دەکاتەوە، هۆشداریی داوە و ئەو هەوڵەی مەحکووم کردووە.

''ئانتۆنی بلانگێر'' بەرپرسی گشتیی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان، ڕۆژی هەینی وتی: ''ئێمە لە داواکاریی سێنفیی ڕۆژنامەوانانی ئێران لەسەر بنەمای دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و دژایەتیی ئەوان لەگەڵ یاساگەلێک کە هەڕەشە لە ئازادیی دەربڕینی ڕۆژنامەوانان و خەڵک دەکات، پشتیوانی دەکەین".

هەروەها لە درێژەی ڕەخنە و کاردانەوەکان لەو گەڵاڵەیەی ڕێژیم، بەرهەمهێنەرانی سینەمای ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەوڵەیان ناعاقڵانە و پیلانێک دژی بنەمای ئازادی ناو برد و داڕێژەرانی ئەو هەوڵەیان بە ''پیلانگێڕ'' وەسف کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، ١٢١ بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، گەڵاڵەیەکیان بە دژی خەڵک و لە پێناوی ڕەزامەندیی ''عەلی خامنەیی'' بۆ فیلتێرینگ و سنوودارکردنی بواری ئینتێرنێت پەسەند کرد و بە جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن ڕێژیمەوە، بواری ئینتێرنێتی لە ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنترۆڵ و سنووردار دەکرێتەوە.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیەی مەجلیسی ڕێژیم، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام، تێلێگرام و واتساپ لە ئێران دادەخرێن و جێگرەوەی نێوخۆیی لەجیاتییان وەگەڕ دەخرێن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، پێشتر داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردبوو کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دونیای خوازەکی، دەبێ بەپەلە کار بۆ وەگەڕخستنی "ئینتێرنێتی میللی" بکرێت.