کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە/ ژنانی دووگیان و منداڵان بەهۆی شەپۆلەکانی پارازیت گیانیان لە دەست دەدەن

18:07 - 18 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: مردنی ژنانی دووگیان و منداڵان بەهۆی شەپۆلەکانی پارازیت و هەروەها نوقسان بوونیان لە شاری سنە رووی لە زیاد بوون کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ژنێکی باردار بە ناوی فەریدە حوسێنی خەڵکی ناوچەی هەورامان رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی لە نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، بەهۆی کەمتەرخەمیی کادری پزیشکی و دەرمانی گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتەکان، منداڵی تازە لە دایکبووی ئەو ژنە پاش ٣ رۆژ لەو نەخۆشخانەیە گیانی لە دەست داوە.
هەڵەی پزیشکان و کەمتەرخەمیی پیرسۆنێلی نەخۆشخانەکان، لە ناوچە کوردنشینەکان بەردەوام مردن و نوقسان بوونی هاووڵاتییانی لێ کەوتۆتەوە.
لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ئەمساڵدا، ژنێکی کورد بەناوی جۆرجیا ئەتمانی کچی فەتحوڵڵا لە شارستانی سەڵماس، بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە گیانی لە دەست دا.
سەرەڕای کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکی شەپۆلەکانی پارازیتیش یەکێک لە هۆکارەکانی مردنی ژنانی دوووگیان و نوقسان بوونی منداڵان لە ناوچە کوردنشینەکان دایە.
بەپێی راپۆرتەکان، لە نەخۆشخانەی بێعسەتی شارستانی سنە لە ماوەی یەک رۆژدا، ١٥ منداڵی نوقسان لە دایک بوون کە هەموویان خەڵکی گوندەکانی سەر بە ناوچەی شارستانی دیواندەرە بوون.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران و بە تایبەت سپای پاسداران، بۆ پێشگرتن لە وەشانی کاناڵە ماهوارەیی و میدیا کوردییەکانی ئوپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، پارازایت دەخاتە سەر ئەو کاناڵانە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەرکەوتنی شەپۆلەکانی پارازیت ٣٠ قات مەترسی لە دایک بوونی منداڵی نوقسان و دواکەوتوویی زەینی زیاد دەکات.