کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتیکردنی ڕۆژنامەی کەیهانی خامنەیی بە خەڵکی ئۆکراین

11:56 - 12 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمە، ڕۆژنامەی کەیهانی سەر بە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە بابەتێکدا لەسەر شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین نووسیویەتی: ''خەڵکی ئۆکراین تەنانەت بە قەد داهۆڵێک خۆڕاگری نازانن''.

ئەو ڕۆژنامەیە بە سووکایەتیکردن بە خەڵکی ئۆکراین نووسیەویەتی: "کاتێک هێرشی نیزامی بۆ سەر وڵاتێک بکرێت، ئەگەر خەڵکی ئەو وڵاتە بە قەد داهۆڵێک لە خۆیان بەرگری نیشان بدەن، دەتوانن دوژمن شکست بدەن. کاتێک ڕیزی هەڵاتن لە ڕیزی بەشداری لە سەنگەرەکانی شەڕ درێژتر دەبێت، بەو مانایەیە کە خەڵکی ئەو وڵاتە بەرگری نازانن''.

ئەو دەربڕینانەی ئەو ڕۆژنامەیە لە حاڵێکدا بڵاو بووەتەوە کە ''عەلی خامنەیی'' ڕۆژی سێشەممە لە قسەکانیدا بەبێ ناوبردنی ڕووسیە، شەڕ لە ئۆکراینی بە ئاکامی هاندانی ئامریکا و ڕۆژاوا زانیبوو.

هەڵوێستی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا بڵاو بووەتەوە کە زۆرێک لە خەڵكی ئۆکراین بە ڕاگەیاندنی بەرگریی سەرتاسەری لەلایەن ''ڤیلادیمیر زێلێنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین، چەکیان هەڵ گرتووە و لە بەرامبەر هێرشی ڕووسیە بەرگرییەکی چاوەڕواننەکراویان ئەنجام داوە و دەنگدانەوەی جیهانیی لێ کەوتووەتەوە.