کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی بە کەسایەتیی خەڵکی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە

12:07 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نوێترین هەوڵدا دژی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی لاوان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کیژ و کوڕانی کوردستان سووکایەتی بە کەسایەتییان دەکات و بێڕێزی بە بنەماڵەکان دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی چەند مانگێک دەبێت لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان کاناڵێکی تێلگرامی دامەزراوە کە وێنەی ژنان، پیاوان، خاوەن بنەماڵە، کچان و کوڕانی خەڵکی شارەکانی کوردستان بڵاو دەکاتەوە و بیڕێزی و بۆختانیان پێ دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کرد، ئەو کاناڵە تێلێگرامییە لە شارەکانی وەک: شنۆ، سەردەشت، مەهاباد و چەندین شاری دیکە وێنەی کچان و کوڕانی بڵاو کردووەتەوە و سەرەڕای سووکایەتی بە بنەماڵەکان، زۆربەیانیشی تووشی شەڕ و ناخۆشی کردووە، تەنانەت لە هێندێ حاڵەتدا تەڵاق و جیابوونەوەی لێ کەوتووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، خەڵک چەندین جار ناڕەزایەتیی خۆیان بەو کاناڵە دەربڕیوە، بەڵام هەتا ئێستا ئیدارەکانی ڕێژیم هیچ هەڵوێستێکیان لە خۆ نیشان نەداوە.  هاوکات خەڵک بە نووسراوە دژی ئەو کاناڵانە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام بێوڵام ماوەتەوە و تەنانەت ئەو کاناڵانە دوای سکاڵای خەڵک چالاکتریش بوونە.

 لەو پێوەندییەدا، هاووڵاتییان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە، کە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە کە سووکایەتی بە کەسایەتیی خەڵک دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک پەنا بۆ خۆکوژی ببات.

خەڵکی کوردستان، ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وەک بکەری ئەو کارە دەزانن. هاوکات بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵانەش کەسانێکن کە سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن و لە لایەن ڕێژیمەوە پشتیوانی دەکرێت.