کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی کردن بە گیلەکەکان، خۆپیشاندانی لێکەوتەوە

12:18 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: پاش بڵاوبوونەوەی سریاڵێک لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە تێیدا سووکایەتی بە گیلەکەکان کرابوو، خەڵکی شارەکانی پارێزگای گیلان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە دوای بڵاوبوونەوەی سریاڵێک لەژێر ناوی "وارش" کە تێیدا سووکایەتی بە خەڵکی گیلەک کرابوو و ئەوانی بە "بێ غیرەت" ناو لێ بردبوو، خۆپیشاندانگەلێک لە شارەکانی پارێزگای "گیلان" هاتە ئاراوە.

لەو خۆپیشاندانانە کە لە بەردەم باڵەخانەی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لەو پارێزگایە ئەنجام درابوو، خۆپیشاندەران پلاکاردگەلێکیان بە ناوەڕۆکی، "سریاڵی وارش دەبێ ڕاوەستێت"، "سوکایەتی بەرانبەر بە گیلەکەکان ڕابگرن"، گیلانی بێ غیرەت نین"، "شوناس و کەسایەتیی ئێمە هێڵێ سووری ئێمەیە" و هەروەها وێنەگەلێکیان لە کەسایەتییەکانی گیلان وەک "میرزا کووچەک خانی جەنگەڵی" و "ئوستاد پوورڕەزا"یان لە دەستدا بووە.

هەواڵدەریی "هێرانا" لەو بارەوە وتوویەتی، لانیکەم سێ خۆپیشاندەر لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی بەردەم باڵەخانەی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە "ڕەشتـ"ـی ناوەندی ئەو پارێزگایە دەسبەسەر کراون.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، لە پرۆسەیەکی بەردەوام و بەرنامە بۆ داڕێژراودا، هەوڵی سووکایەتی کردن بە نەتەوە و قەومەکانی نێو ئێران دەدات و ئەمەش هەوڵێکە بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەی جیاوازییەکان و سەپاندنی بیرۆکەی شۆڤێنیزمی فارس لەو وڵاتەدا.