کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوویفت: هەڵگرتنەوەی گەمارۆ بانکییەکانی ئێرانی مەرجدار و بەرتەسک کردەوە

21:17 - 5 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: سیستمی جیهانیی سوویفت ڕایگەیاند کە بانکە ئێرانییەکان کاتێک دێنەوە نێو بازنەی ئەو سیستمە کە هەوڵە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران (بەپێی ڕێککەوتنی ئێران و ٥+١) پشتڕاست بکرێتەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە پشتبەستن بە ماڵپەڕی سوویفت، ڕایگەیاندووە کە بانکە ئێرانییەکان کاتێک دەتوانن بگەڕێنەوە نێو ئەو بازنەیە کە هەوڵە ناوکییەکانیان پشتڕاست بکرێتەوە.

سوویفت ڕایگەیاندووە کە، ئەو بانکانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی گەمارۆ ناوکییەکان گەمارۆیان خراوەتە سەر، لە لایەن سوویفتەوە ئەو گەمارۆیانەیان لەسەر دەمێنێتەوە.

سیستمی سوویفت خزمەتگوزاریی ئاڵووێری نێونەتەوەیی ماڵی، لە نێوان ٩٧٠٠ بانک لە ٢٠٩ وڵاتی جیهان ئەنجام دەدات.

ڕۆیتێرز نووسیویە، ئێران و گرووپی ٥+١، لە ڕێکەوتی ١٤ی جولای ئەمساڵدا، لەسەر بەرتەسک کردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لە هەمبەر کەم‏کردنەوەی گەمارۆکان، ڕێک کەوتوون. چاوەڕوان دەکرێت کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ڕاپۆرتی خۆی لەسەر هەوڵەکانی بەرتەسک کردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بخاتە ڕوو.

یەکیەتیی ئورووپا لە ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبردا، یاسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو یاسایە ئیزن دەدرێت گەمارۆکانی سەر ئێران و یەک لەوان گەمارۆی پەیوەندیدار بە سوویفت هەڵوەشێندرێتەوە و لا ببرێت.

سوویفت ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، ئەو بانکانەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران گەمارۆیان خراوەتە سەر، دوابەدوای تێپەڕاندنی هەوڵە ناوکییەکانی ئێران، بەشێوەی ئۆتۆماتیک دێنەوە نێو بازنەی جیهانیی سیستمی سوویفت.