کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوێد/ شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد

16:11 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکان و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاوپێکەوتنی پێکهێنا و کۆمەڵێک پرس و بابەتی تایبەت لەو دانیشتنەدا تاوتوێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوێد بە سەرپەرستیی \'\'حەمید تەیمووری\'\' و شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوێد بە سەرپەرەستیی ئەنوەر کاکەیی بەرپرسی کۆمیتە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەو وڵاتەدا کرد.

لەو دیدارەدا کۆمەڵێک بابەت و پرسی تایبەت سەبارەت بە دۆزی کورد بە گشتی و کار و ئەرکەکانی دەستەی نوێنەرایەتی هاتنە ئاراوە و بە بایەخەوە ئەو کار و چالاکییانە هەڵسەنگێندران.

لەو دانیشتنەدا شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سوێد، پشتیوانیی خۆی بۆ هەر جۆرە ئەرکێک دەربڕیوە بە مەرجێک کەلە چوارچێوەی دۆزی نەتەوەیی کورددا بێ و خوازیاری ئەوەش بوون کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم بۆ گەیاندنی پەیامی گەلەکەمان بە دام و دەزگا دەوڵەتییەکانی سوێد هەوڵی زیاتر بدات.

هەر لەو چاپێکەوتنەدا داوا کراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زیاتر بکات بۆ یەکخستنی گوتاری کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بتوانێ زیاتر سەرنجی دونیای دەرەوە بۆ داواکاری و هاوکاریی وڵاتانی دەرەوە بۆ لای خۆی رابکێشێ و لە هەمان کاتیشدا ئەو هەرێمە ببێتە نموونەی گەشە سەندنی زیاتر.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا بە گرینگییەوە باسی چالاکی و پشتیوانییەکانی هێز و لایەنە سیاسی و فەرهەنگییەکان لە سوێد کراوە.

شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوێد و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی وڵاتی سوێدیان سەبارەت بە رووداوەکانی کوردستان بەرز نرخاند.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەر دوو لا هیواخواز بوون کە دیدار و کۆبوونەوەکان زۆرتر و چڕتر بکرێنەوە و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کارەکان کەڵک لە ئەزموونی هەمە لایەنە وەربگیردرێت.