کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران بنکەیەکی مووشەکیی خۆی ئاشکرا کرد

11:43 - 15 خەزەڵوەر 2720

ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بنکەیەکی مووشەکیی خۆی ئاشکرا کرد و مانۆڕی بەو بنکە مووشەکییە لێدا کە لە هەر شوێنێک دوژمنانی خۆی وەک ئامریکا و ئیسرائیل دەکاتە ئامانج.

ئەو بنکە مووشەکییە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لەلایەن کاربەدەستانی سپای ڕێژیمەوە ئاشكر کراوە.

بەپێی زانیارییەکان کە ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بنکە مووشەکییە بە شێوەی ڕەگبار شوێنی مەبەست دەکاتە ئامانجی خۆی.

 ئامانجی ڕێژیم لە ئاشکراکردنی ئەو بنکە مووشەکییە هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکەیه.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام ڕوونوێنی لە مووشەکی جۆراجۆر دەکات کە توانای تایبەتیان هەیە و باس لەوەش دەکەن کە درێژە بە چالاکییە مووشەکییەکانیان دەدەن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا تا ئێستا کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووریی بۆ بەرەنگاربوونە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالستیکی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا پەسند کردووە.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی بالستیک کە توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکیی هەبێت، نییە. هاوکات وڵاتانی دیکەش دەبێ لە فرۆشتنی کەلوپەلی نیزامی و پارچەکانی چەکوچۆڵ بە ئێران خۆ بپارێزن.