کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران بە جێگای خزمەت، وێران دەکات

13:37 - 26 خاکەلێوه 2720

"ئیبراهیم ڕەئیسی"، سەرۆکی هێزی دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێداهەڵوتن بە ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی: ''هەر شوێنێک باس لە خزمەت بکرێت، ناوی سپا هەیە".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە سەردانی نەخۆشخانەی "سدووقی" باسی لە بەناو خزمەتەکانی سپا کردووە.

لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەتا ئێستا ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران هیچ خزمەتێکی بە خەڵک نەکردووە.

ئەو ڕێکخراوه تێرۆریستییە تەنانەت پێشی بە چالاکییەکانی خەڵک بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا گرتووە.

هاوکات کەمپەینە خەڵکییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێ هەواڵی چالاکییەکانی خۆتان بڵاو بکەنەوە.

لەو پێوەندییەدا، "کیانووش جەهانپوور"، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران کە بەنیسبەت ئامار و زانیارییەکانی دەوڵەتی چین لەبارەی کۆرناوە ڕەخنەی گرتبوو. لەلایەن سپای پاسدرانەوە هێرشی کرایە سەر.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ئەو دۆخەی ئێستا بەرۆکی خەڵکی گرتووەتەوە تاوانبارە.