کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران لە پیرانشار بە بیانووی گواستنەوەی ئاو، تونێل بۆ مووشەک دروست دەکات

13:52 - 7 پووشپەڕ 2720

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران نزیکەی ٧ ساڵە بە بیانووی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی ''کانی سێو'' بۆ گۆلی ورمێ، خەریکی تونێل لێدانە و خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو باوڕەن کە ئەمە تونێلێکی مووشەکییە.

بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، ڕاستەوخۆ لە وێستگەی کارەبای پیرانشار کارەبا بۆ ئەم پرۆژەیە کێشراوە، هەروەها لە گوندی ''بەگم قەڵا''وە هەتا ''خورینج'' لە ڕێگای "دۆڵی چوغری'' ڕێگایەکی تایبەت دروست کراوە.

کارکردنی بەردەوامی سپای تێرۆریستی پاسداران لەسەر ئەو پرۆژەیە و ڕەچاوکردنی خاڵی ئەمنییەتی لەنێو ئەو تونێلە، لەلای خەڵکی ئەو ناوچەیە بە پشتبەستن بە هەندێک زانیاری لە بەڕێوەبەرانی پرۆژەکە، دەرکەوتووە کە ئەو تونێلە بۆ ڕاگواستنی ئاو نییە و بەڵکوو پرۆژەیەکی مووشەکییە.

بەپێی زانیارییەکان، پانتایی ئەو تونێلە ١٠ هەتا ١٢ میترە کە ترێلی تێیدا بادەداتەوە.

لە ئێستادا کرێکارانی ئەو پرۆژەیە خەریکن بە میلگەردی ٢٠، دیواری ئەو تونێلە دەچنن.

هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم تونێە لە ''کانی ‌سێو'' بۆ ''زاواکێوی زەنگیاوێ''، ٨٠٠ میتری ماوە تێکەڵ بێتەوە، هەروەها لەلای ''خورینج'' بۆ ''بەگم قەڵا'' ١٤٠٠ میتر و لە ''خورینج'' بۆ ''زاواکێو'' ١٣٥٠ میتر بەرەوپێش چووە.

ئەم پرۆژە مووشەکییەی سپای پاسداران هەتا ئێستا تێچوویەکی یەکجار زۆری هەڵگرتووە کە تەواوی بودجەی و داهاتی ساڵێکی پارێزگای ورمێ بەشی خەرجی ئەو پرۆژەیە ناکات.

هەروەها لە مەسیری ئەم تونێلە ئاوی ژێرزەوی هەڵدەقوڵێت و سپای پاسدران بە ماتۆڕی زۆر گەورە ئاوەکە دەردەدەن کە ئەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا کانی و سەرچاوە ئاوەییەکانی ئەو ناوچەیە بەرەو وشکبوون دەبات و کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.