کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی کرد

18:02 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە هەڕەشەیەکدا وتوویەتی: "لە هەنگاوی دووهەمی ئینقلابدا دەبێت ئیسرائیل لە جوغرافیادا بسڕدرێتەوە".

پاسدار "حوسێن سەلامی"، فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، لە کۆبونەوەیەکدا کە فەرەماندە و بەرپرسانی سپای پاسداران تێیدا بەشدار بوون وتوویەتی :'' لە هەنگاوی یەکەمی ئینقلابدا، بەستینی لەنێوبردنی ئیسرائیلمان ڕەخساندووە و لە نێوبردنی ئیسرائیل خەون و خەیاڵ نییە بەڵکوو ئامانجێکیە کە دەتوانین پێیبگەین".

پاسدار سەلامی لەم هەڕشەیەدا وتوویەتی: "ئێمە لە ئێستادا دەتوانین هێرش بۆ سەر دوژمن بکەین و هێزی ئێمە برواپێکراوە".

نابراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە دوژمنان تووشی "لەناوچوونی عەقڵی سیاسی" بوونە.

ئەم هەڕەشانەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتێکدایە کە بەردەوام بنکە و بارەگاکانی سپای پاسداران و گرووپەکانی سەر بەم هێزە تێرۆریستییە لە لایەن ئەرتشی ئیسرائیلەوە لە خاکی عێراق و سووریەدا دەکرێنە ئامانج.

بەردەوامیی هەڕەشەکانی  بەرپرسان و کاربەدەستانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ڕۆژئاوا و وڵاتانی ناوچەکەدا، نیشانەی ترسی ئەو ڕێژیمەیە لە کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی خۆی.