کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران لە شارەکانی کوردستان کەوتووەتە ڕاو و ڕووت

12:55 - 17 بانەمەڕ 2720

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کەڵکاژۆ لە دۆخی نالەباری خەڵک لە قەیرانی کۆرۆنادا وەردەگرێت و لە شار و گوندەکانی کوردستان بە ناوی یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی کەمداهات، پارە کۆ دەکاتەوە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ناوی کۆکردنەوەی یارمەتییەوە بۆ خەڵکی کەمداهات و هەژار دەچێتە شار و گوندەکانی کوردستان و پارە و شتومەک لە خەڵک کۆ دەکاتەوە و بەم جۆرە خەڵک تاڵان دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەکانی شاری ورمێ دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی پارە کە گوایە دەیانهەوێت خواردن بۆ بنەماڵە دەستکورتەکان دابین بکەن.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ ئەوەی کە ئەو کردەوەیەی خۆی لە پێش چاوی خەڵک بە وێنایەکی خێرخوازانە نیشان بدات، چەند کیلۆ خاروباری جۆراوجۆری داوە بە هەندێک لە بنەماڵەکان.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکێکی زۆری دەستکورت لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە کە ئەوان هیچ ئاگایان لێیان نییە و پێویستە بەسەر بکرێنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا سپای تێرۆریستی پاسداران و مۆرەکانی ڕیژیم لە ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو بە ناو و نیشانی جۆراوجۆرەوە دەستیان کردووە بە تاڵانی خەڵک و کەڵکاژۆ لە هەست و سۆزی مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان وەردەگرن.

ئەو کردەوەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لەلایەکی دیکەشەوە بە مەبەستی بێباوەڕکردنی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە چالاکانی مەدەنی و کەمپەینە خەڵکییەکان ئەنجام دەدرێت کە بە شێوەی خۆڕسک و لەخۆبوردووانەوە بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی دەستکورت لە هەوڵدان.