کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران ئیدعای کردووە کە ئەوان سەرچاوەی "فیزیکی کۆوانتۆمـ"ـن

12:11 - 2 رەزبەر 2721

پاسداری ڕێژیمی ئێران "عەلی فەدەوی" جێگری فەرماندەی گشتیی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەرنامەیەکی تێلێڤێزیۆنیدا ئیدعای کردووە، ئەوان سەرچاوەی "فیزیکی کۆوانتۆمـ"ـن.

ناوبراو وتوویەتی: "ئێمە هەنگاومان بۆ هەرچی هەڵگرتووە تێیدا سەرکەوتووین".

پاسدار "فەدەوی" وتوویەتی، زانستی "کۆوانتۆم" زانستێکی زۆر کۆنە لە دنیای ئیسلامدا و نزیک بە ١٠٠٠ ساڵ پێش زانایانی ئیسلام باسیان لەو زانستە کردووە.

ئەو پاسدارەی ڕێژیم دەڵێت: "چەمکەکانی فیزیکی کۆوانتۆم لە کتێبەکانی ئێبنی عەرەبیدا هاتووە. لە حاڵێکدا ئێبنی عەرەبی لێکۆڵەر، فیلسووف، عارف و شاعیر بووە و کتێبێکیشی لەسەر گەردوونناسی لە ڕوانگەی دینەوە هەیە".

تیۆریی "فیزیکی کۆوانتۆم" ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەلایەن "ماکس پلانک" فیزیکزانی ئاڵمانی خراوەتە ڕوو، لە حاڵێکدا پاسدار "فەدەوی" دەڵێت، ١٠٠٠ ساڵ پێش باسی لێ کراوە.

دواتر ئەو تیۆرییە لەلایەن زانایانی وەک: "ئاڵبێریت ئەنیشتەین، لوویی دوو برۆی، نیلز بۆر، ئێروین شرۆدینگێر و ماکس بێرن" و چەند زانای دیکە باسی لێ کراوە و ئیستاش ڕەهەندەکانی ئەو تیۆرییە بەردەوام لە حاڵی پێشکەوتندایە.