کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە زۆرەملێ یارمەتی بە خەڵک کۆ دەکاتەوە

12:19 - 16 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستووری بە خەڵک داوە، کە دەبێت یارمەتی کۆ بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستووریان بە مامۆستایانی ئایینیی شاری سەڵماس داوە، کە یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراو کۆ بکەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە، ئەو بڕیارەی کاربەدەستانی سپای پاسداران، هیچ پێوەندی بەو ڕێکخراوە نیزامییەوە نییە و ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە کە یارمەتییەکانی بۆ خۆی کۆ بکاتەوە و دواتر بۆ وڵاتانی سووریە، عێراق و لوبنان بەڕێ بکات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەکەوە هۆشداری بە خەڵک دەدەن، کە نابێت خۆیان یارمەتی کۆ بکەنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەستوور بە خەڵک دەدەن یارمەتی کۆ بکەنەوە.

دوای هاتنی لافاو لە کوردستان و ئێراندا، بە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا سەردانی شوێنەکانیان دەکرد و هیچ یارمەتییەکی خەڵکیان نەدەکرد، خەڵک بە شێوەی خۆڕسک یارمەتییان بۆ لێقەوماوان کۆ کردەوە، کە هەڕەشەی ڕێژیم لە خەڵکی لێ کەوتەوە.