
''حوسێن سەلامی'' فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەر باسی لەوە کردووە کە سپای پاسداران لە داهاتوویەکی نزیکدا مووشەکی کرووز بە توانایی بڕینی مەودای ٢ هەزار کیلومیتر دروست دەکات.
ئەو بەرپرسەی سپای پاسداران لە سەردانی خۆی بۆ کەنداو وتبووی هێزی دەریایی سپای پاسداران مووشەکی بە مەودای بڕینی ٣٥، ٩٠، ٣٠٠ و ٧٠٠ کیلۆمیتریی هەیە و لە داهاتوودا توانییەکانی خۆی لەو بارەوە دەباتە سەر.
بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران مەترسی و نیگەرانی زۆری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست کردووە.
لەم چەند ساڵەی ڕابردووە ڕێژیمی ئێران بەهۆی چالاکییە مووشەکییەکانی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکاوە بەردەوام هۆشداریی پێدراوە و گەرمارۆی خراوەتە سەر.
ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەردەوام گۆشار بۆ ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا دێنن کە لە وتوویژەکانی بەرجامدا، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە یەکێک لە پێشمەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە بگونجێنن.