کوردستان میدیا: هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕێگەیان بە خەڵک نەدا لە چیای جاقلی سەر بە شاری سەقز ڕێورەسمی نەورۆز بەڕێوە بەرن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ترسی نەورۆزی سەمای ئازادی، کە دەرخەری یەکگرتووی نەتەوەی کوردە، پێشیان بە خەڵک گرت و ڕێگەیان نەدا لە چیای جاقل ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە بەرن.
لە سەر بانگەوازی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی شاری سەقز، بڕیار بوو ڕۆژی پێنج شەممە ١ی خاکەلێوە لە بناری چیای جاقل ڕێوڕەسمی نەورۆز بە شێوەیەکی جەماوەری بەڕێوەبچێت.
لە کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانییەوە لاوان و ئەویندارانی نەورۆزی کوردەواری دەستە دەستە بەرەو چیای جاقل بەڕێکەوتوون، بەڵام هەر جارەو بە جۆرێک لە گەڵ هێزەکانی سەر بە ئیتڵاعات ڕووبەڕوو بوونەتەوە و ڕێگری لە چوونیان کراوە.
خەڵکی کوردستان کە پێداگربوون لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، سەرەنجام کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک لەسەر چیای جاقل کۆبوونەوە هەتا جەژنی نەورۆز بەڕێوە ببەن، بەڵام هێزە ئیتڵاعاتییەکان دەگەنە سەریان و بەزۆر خەڵکەکە بڵاوە پێدەکەن.
هێزەکانی سپای داگیرکەر کاتێک زانیان کە لاوانی نیشتمان پەرەوەر هیچ بایەخێک بە هەڕەشەکانیان نادەن، ئەم جار بە بیانووی وەرنەگرتنی مۆڵەت، بە بێسیم داواکرانی هەناردنی هێزەکانی "گاردی ویژە و فیلم هەڵگرتن لە بەشداربووان، ناچاریان کردوون بڵاو بە کۆبوونەوەکەیان بکەن.