بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ١٣ی خاکەلێوە، لە گوندی ''بلەکێ سەر بە شاری بانە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هێزێکی زۆرەوە هەڵیکوتاوەتە سەر ئەو گوندە و دەستی بەسەر ١٨٠ سەر مەڕی خەڵکدا گرتووە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بۆ ''کوردستان میدیا'' نێردراوە، هێزەکانی سپای پاسداران مێگەلێک مەڕیان لە گوندی ''بلەکێ'' وەپێش خۆیان داوە و ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە کە ئەو هێزەی سپای پاسداران بە فەرماندەیی پاسدار ''ڕاستگۆ'' بەهانەیان بە خەڵک گرتووە و گوشاریان بۆ سەر خەڵک هێناوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە پاسدار ''ڕاستگۆ'' بە ئازاردان و هەڵکوتانە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک، دەیهەوێت ترس و دڵەڕواکێ بخاتە نێو خەڵکەوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە کە ئەو فەرماندەی سپای پاسداران دەستی لە کوشتنی کۆڵبەراندا هەیە.