کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران ناسنامەی ڕەسەنی خۆی وەرگرت

19:08 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دامەزراوەی خومەینی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، دوای چەندین ساڵ کوشتار، تێرۆر و جەنایەت ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی وەرگرت و جلی تێرۆری بە فەرمی پۆشی.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕێکخراوی سپای پاسدرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند؛ بە فەرمی ناسینی ئەو ڕێکخراوەیە لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکاندا لە لایەن دەوڵەتی ترامپەوە تەئید کرا.

ئەوە یەکەمین جارە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا یەکەیەکی نیزامیی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، زۆربەی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لە زاری بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، چەندین هەواڵ و ڕاپۆرتی جیاوازیان لەسەر بە تێرۆریست ناساندنی سپای تێرۆریستی پاسداران و خستنە نێو لیستی تێرۆریستییەوە بڵاو کردووەتەوە، کە دژکردەوە و هەڕەشە توندی بەر‌پرسانی سیاسیی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسدارانی لێ کەوتووەتەوە.

سپای پاسداران هەتا ئێستا سه‌دان تێرۆری له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام داوه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌كیترین پشتیوانانی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ دێته‌ ئه‌ژمار.

ئامریكا ساڵی ٢٠٠٧، سپای قودس، كه‌ لقی سپای پاسداران لە ده‌ره‌وه‌ی وڵاتە، خستووەته‌ نێو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستیه‌كان. له‌م ساڵانه‌ی دواییەشدا دەیان فه‌رمانده‌ی سپا له‌ لایه‌ن ئامریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاواییەوە، خراونه‌ته‌ لیستی ڕه‌شی تێرۆر یان ته‌حریم كراون.