کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هەڕەشەی لە ئیمارات و ئیسرائیل کرد

13:00 - 2 خەرمانان 2720

دوای ئەوەیکە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ، پێوەندییەکانی خۆیان ئاسایی کردەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران هەر کام و  بە جۆرێک بەنیسبەت ئەم ڕێککەوتننامەیە کاردانەوەی خۆیان پیشان دا و هەڕەشەیان لە ئیمارات و ئیسرائیل کرد.

ئەمجارە ''عەلی فەدەوی'' جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت ڕێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە و وتوویەتی کە ئێمە ئەوان نابوورین و ئەگەر بچووکترین هەوڵی ئیمارات لە ڕاستای نزیککردنەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە، مەرگی ئەوانی بەدواوە دەبێت.

پێشتریش، ''محەممەد باقری'' بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ڕەخنەی توندی لە پێوەندیی ئیمارات و ئیسرائیل گرت و هۆشداریی دا کە لەمە بەدواوە، هێزە نیزامییەکانی ئێران بە ڕوانگەیەکی دیکەوە چاو لە ئیمارات دەکەن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ئەگەر لە کەنداودا ڕووداوێک بێتە پێش کە زەربە لە ئەمنییەتی ئێران بدات، هەڵەکار ئیماراتە.

هەروەها ''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و ''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمیش بەنیسبەت ئەم ڕێککەوتنەی ئیمارات و ئیسرائیل کە بە شکستێکی گەورە بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دێتە ئەژمار، کاردانەویان پیشان دابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ، هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی کە لە سەرەتادا دەستی پێکرد، چارەیەکی جگە لە قەبووڵکردنی پێوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل نییە.

ئەم هەواڵدەرییە باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی ئێران تەنانەت بەپێچەوانەی هەندێک لە وڵاتان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، باڵوێزی خۆی لە ئیمارات بانگهێشت نەکردەوە یان پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیمارات نەپچڕاند.