کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان: خامنەیی پشتیوانی لە گەندەڵکاران دەکات

11:28 - 8 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سکرتێری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی گەندەڵی لە لوبنان و عێراق وەسف کرد.

''شێخ سوبحی ئەلتفیلی''، سکرتێری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووتەوە، بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی وتووە: ''ئایا شەرمهێنەر نییە ئەوانەی کە داوای عیداڵەت و یەکسانی دەکەن و شەقامەکاندا دەکوژرێن، بە نۆکەری بێگانە و بەکرێگیراو ناو ببەیت؟''

 ناوبراو وتوویەتی: ''تۆ که خۆت به ڕێبـەری موسڵمانەکانی جیهان دزانی، ئایا ئیسلام وتوویەتی که خەڵکی برسی بکوژیت و له گەندەڵکاران پشتیوانی بکەیت؟''

هێزەکانی تۆ ۲۵۰ کەسیان له عێراقدا کوشتووه و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیان بریندار کردووە، هەروەها له لوبنانیش خه‌ڵک دەکوژن.

''ئەلتفیلی'' ڕوو لە خامنەیی وتی: ''بەو جۆرەی کە دوینێ شاهیت بووین، کەسانی سەر بە تۆ خێوەتەکانی خەڵکی بێتاوانیان لە کەربەلا سووتاند. ئێمە هەتا ئێستا بۆ خێوەتەکانی 'حوسێن' دەگریاین. وا دێتە بەرچاو بۆ جارێکی تر شاهیتی دیمەنی کەربەلا، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە بین".

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە وڵات وێران بووە. دزەکان لە ساڵی ١٩٧٢ی زایینییەوە هەتا ئێستا لە سامانی خەڵک دزی دەکەن و گرووپەکانی سەر بە تۆ پشتیوانییان لێ دەکەن، ئایا وانە دینییەکان بە ئیمەیان وتووە کە دەبێ دز، پیس، گەندەڵ، بکوژ و دەستدرێژ بین.

''شێخ سوبحی ئەلتفیلی''، لە ساڵەکانی ١٩٨٩ هەتا ١٩٩١، سکرتێری حیزبوڵڵای لوبنان بووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ئێران بە سەدان میلیارد دۆلاری لە ڕاستای ئامانجە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ پەرپێدانی تێرۆریزم، ئاژاواگێڕی و ناسەقامگیری خەرج کردووە.