نەوید کەرەمی
ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ لە بنەڕەتدا فێر بووە کە چۆن لە قەیرانەکان بە سوودی خۆی و بۆ بردنەپێشی ئامانج و سیاسەتەکانی کەڵک وەربگرێت.
لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران دارودەستەی خومەینی و هەندێکی دیکە لە مەلاکانی دەوروبەری "نەواب سەفەوی" کە هەر یەک بە ناوێکەوە خۆیان خزاندبووە نێو جەرگەی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، بە دروستکردنی فەزایەکی نائەمنی و سازدانی شەڕی خیابانی و ناوزڕاندن و چەواشەکاری فەزایان بۆ سەرکوتی جیابیران و حیزبە خەڵکییەکان ساز کرد و لە وەها فەزایەکدا و بە خێرا ڕێفراندۆمی دیاریکردنی نیزامیان بەسەر خەڵکدا سەپاند و بە ناوی کۆماری ئیسلامییەوە توانییان دەست بەسەر دەوڵەت و یاسادا بگرن.
هەر لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش بە بیانووی شەڕ لەگەڵ ئیستکبار و سەدام هەموو نەیاران و دژبەرانی خۆیانیان لەنێو بردن و هەر جۆرە دەنگێکی جیاوازیان سڕییەوە، پاشان فێربوون کە بە بیانووی سدووری ئینقلاب خەڵکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوە غەیرە فارسەکان لە هەموو سەرمایەکانی وڵات و لە هەموو ماف و ئازادییە تاکەکەسی و سیاسیی خۆیان بێبەش بکەن و دەستیان بەسەر هەموو سەرچاوەکانی ئابووریی وڵات گرت و سەرمایەکانی وڵاتیان دوور لە چاوەدێریی یاسایی و بەبێ ئاگاداریی خەڵک بردنە دەرەوە و سەرفی خۆشگوزەرانی و سەرمایەگوزاریی خۆیانیان کردن یان کرانە هەزینەی دروستکردن و بەهێزکردنی گرووپ و تاقمە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی دیکەدا.
هەر ئەو سیاسەتە هەرجۆرە ناڕەزایەتی و هەستانەوەیەکی نێوخۆی ئێرانی بە حوکمی وەستانەوە دژ بە خودا و هەوڵدان دژ بە تەناهی نەتەوەیی یان بە تاوانی جیاییخوازی سەرکوت کرد و لە دەرەوەشڕا بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی، پاش ئەوەی دەستی بە خوێنی هەزاران و ملیۆنان لە ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی سووری سوور ببوو، لە ڕووخان پاراست.
ساڵەکانی ١٣٨٨ هەتا ١٣٩٨ی هەتاوی، سەرەڕای هەموو پڕوپاگاندا و ترس و خەفەقانێک کە ڕێژیم دروستی کردبوو، دەنگی ناڕەزایەتی و شۆڕشی خەڵک بۆ هەڵتەکاندنی بنەڕەت و بنچینەی ڕێژیم لە هەموو شارەکانی ئێراندا بەرز کرایەوە و ڕێژیم چەندین جار مەرگی بە چاوی خۆی بینی.
ساڵی ٩٨ ساڵێکی پڕ سترێس و ئەستەم بوو بۆ حاکمانی ڕێژیم، کە لەلایەکەوە هەستانەوە نێوخۆییەکان هەیمەنەی ڕێژیمی شکاندبوو و لەلایەکی دیکەشدا بەرە بەرە وڵاتانی جیهانی پشتیان لە ڕێژیم دەکرد، پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و دووبارە وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیم کار گەیشتە ئاستێک کە نزیکترین وڵاتانی هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران پشتیان لەو ڕێژیمە کرد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا هەڵپەسارد یان بەتەواوەتی پچڕاندیان.
زۆربەی چاوەڕوانییەکان لەوەدا بوون کە بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتە لە ساڵی ٩٩دا کۆتایی بە زوڵمی ئەو ڕێژیمە بێنێت، بەڵام بە یەکجارەکی لە ماوەی تەنیا یەک دوو مانگدا هەموو ئێران بوو بە باتڵاقی کوئیدی ١٩ (Coronaviruses) و هەتا دێت ئەو وڵاتە لەو باتڵاقەدا نوقمتر دەبێت.
ئەگەرچی بەپێی هەواڵەکان و قسە و لێدوانەکانی هەندێک لە کاربەدەستان و سەرانی خۆدی ئەو ڕێژیمە، هەر لە سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانەوە بگرە زووتریش ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتبووە ئێران، بەڵام بەهۆی تێبینیی سیاسیی ڕێژیم و بەڕێوەبردنی ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی ڕێبەندان و دواتریش بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی دەوری یازدەهەمی مەجلیسی ڕێژیم و هەرچی زیاتر بەشدارکردنی خەڵک لەو نمایشانە، ڕێژیم بە پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان پێشی بە درکاندنی زانیاری بەنیسبەت نەخۆشیی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ئێراندا گرتبوو، تەنانەت پاش ئەوەش زۆربەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ چین ڕاگرتبوو، ڕێژیم بەردەوام بوو بۆ هاتوچۆکردن بۆ ئەو وڵاتە کە بە سەرچاوەی پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوئیدی ١٩ دەژمێردرا، هەروەها پاش ئەوەی هەموو جیهان لەگەڵ ئاگاداربوونەوەیان لە مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ پاریزگاریکردن لە خەڵکەکەیان گرتەبەر، ڕێژیمی ئێران کەوتووەتە شانتاژ و بڵاوکردنەوەی بڕیارات و هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە، لەو نێوانەدا جارێک ئاخوندێک ئیمامزادەکانیان بە تەنیا چارەسەری تەجویز دەکات یان کەسێکی دیکەیان هەواڵی دڵخۆشکەرتری پێیە و دەڵێت تازە کار لە کار ترازاوە و ناتوانین هیچ شوێنێک قەرەنتینە بکەین.
لە ئەساسدا تەنیا ڕاستییەک لەو نێوانەدا بوونی هەیە، ئەویش ویست و خواستی خودی ڕێژیمە بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر ئێران لە باتڵاقی کۆرۆنادا نوقم بێت و خەڵک لە ترسی ڤایرۆس و مەترسیی تووشبوون بەو پەتایە نەتوانن بێنە سەر شەقامەکان و دژ بە ڕێژیم درێژە بە شۆڕش بدەن.
بەدڵنیاییەوە بۆ ڕێژیمی ئیسلامی و کاربەدەستان و بەڕێوەبەرە گەندەڵ و دزەکانی بە هیچ شێوەیەک خەڵکی ئێران گرینگ نین و لەو دۆخەی ئێستادادا هەر وەکوو سیاسەت و مامەڵەی ڕاستەقینەی ڕێژیم، نە ئاوڕ لە سێڵاولێدراوان، نە بوومەلەرزەبەرکەوتوەکان، نە هەژار و برسی و بێماڵ و حاڵەکان و نە تەنانەت تووشبووانی نەخۆشیی کۆرۆنا دەدەنەوە، تەنیا و تەنیا ئەو قەیرانە وەکوو هەلێکی زێڕین دەبینن هەتاکوو هەناسەیەک وەبەر ڕێژیمەکەیان بێننەوە و پلانەکانیان بۆ مانەوە و درێژەدان بە گەندەڵی و بەتاڵانبردنی کۆمەڵگا جێبەجێ بکەن.
بە ئەگەری زۆرەوە لەو فەزای قەرەنتینە و بێدەنگمانەوەی کۆمەڵگا و نەمانی هیچ دەنگێکی ناڕەزایەتی و شۆڕشی شەقام بەهۆی درێژەکێشانی مەترسییەکانی کۆرۆنا، ڕێژیم گەڵالەی جێگرەوەی خامنەیی و هێنانەسەرکاری کەسێکی دیکە وەکوو "موجتەبا خامنەیی" و نیشتنەسەر کورسیی ڕێبەری جێبەجێ دەکات و بەسەر خەڵکدا دەیسەپێنێت.
بەم شێوەیە ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە قەیرانەکان و پەرەدان و چارەسەر نەکردنیان، دەتوانێت مەبەستەکانی خۆی جێبەجی و تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو ڕەوتە هەتاکوو ئەو کاتەی کە بۆ هەمیشە خەڵک یەکپارچە بڕیاری نەمانی ڕێژیم بدات هەر درێژەی دەبێت... .
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.