کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی کورد بە کورد کوشتن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

11:52 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی سیاسەتی بە کوشت‌دانی لاوانی کوردستان و کورد بە کورد کوشتن لە هیچ پیلانێکی دژەمرۆیی سڵ ناکاتەوە و هەوڵ دەدات لەم ڕێگەوە لاوانی کورد لەژێرناوی سەربازی ڕەوانەی شوێنە هەستیارە سنوورییەکان بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیم لەدرێژەی سیاسەتی دزێوی کورد بە کورد کوشتن لە فازێکی نوێدا هەوڵ دەدات لاوانی کورد لە خاڵە سنوورییەکان یان ئەو پایگانەی کە نیزیکن لە سنوورەکان سازمان بدات تاکوو لە ئەگەری پێکهەڵپڕژان و هاتنە ئارای شەڕ ئەوان بکوژرێن.

ئێستا ئەو لاوانەی دەیانبەنە سەربازی بە تایبەت ئەو خوێندکارانەی کە زانکۆیان تەواو کردووە و لە سەردەمی زانکۆدا سەر بە بەسیج نەبوون، دەیانبەنە نێو چەکدارانی سپا بۆ دەورەی ئاموزشی و هەرکات دەورەکەیان تەواو بوو، دەیانبەنە سنوورەکان و بە زۆر لەوێ نیشتەجێیان دەکەن، لەبەر ئەوە ئەگەر شەڕێک بێتە ئاراوە ئەوانە بکوژرێن.

ئەم سیاسەتە چەپەڵە، کە دەبێ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لاوانی کورد بە باشی لێی ئاگادار بن جیا لەوەیکە خەسار بەم لاوانە و بنەماڵەکانیان دەگەیەنێ، دەبێتە هۆی دووبەرەکی و ئاژاوە لە دواڕۆژدا، کەواتە پێویستە هەموو لایەک بە وردی لەگەڵ ئەم پرسەدا بجووڵنەوە.