کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بانێک و دوو هەوایە

11:47 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە خۆی بە ڕێبەری هەموو موسڵمانانی جیهان دەزانێ، بە هۆی بەرژەوەندیی ڕێژیمەکەی لە بەرانبەر سەرکوتی موسڵمانانی چین بێدەنگی هەڵبژاردووە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی هەینی، ٢٣ی خەرمانان، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تویتێری خۆیدا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە هۆی بێدەنگی لە هەمبەر سەرکوتی هەزاران موسڵمانی چینی بە ڕیاکار تاوانبار کرد.

ناوبراو لەو پەیامەی خۆی نووسیویەتی: "خامنەیی وادەزانێ ڕێبەری جیهانی ئیسلامە، بەڵام ڕێژیمەکەی ئەو لە بەرانبەر سەرکوت و ڕەنجی هەزاران موسڵمانی چین، کە یەکێک لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێرانە، بەتەواوەتی بێدەنگن".

لەم پێوەندییەدا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمساڵ باسی لە دەسبەسەریی هەزاران موسڵمانی "ئویغوور" لە چین کردووە، کە بەم بۆنەوە دانڵد ترامپ بە نیازە کۆمەڵێک لە بەرپرسانی چینی لە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکا بخات.

ڕێژیمی ئێران کە سیاسەتەکانی لەسەر تەقیە و درۆ دامەزراوە، لە حاڵێکدا لە بەرانبەر سەرکوتی موسڵمانانی چین بێدەنگە، کە بەردەوام بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە و لەژێر ناوی داکۆکی لە مافی موسڵمانان پشتیوانیی ماڵی و دارایی لە تێرۆریستانی لوبنان، فلستین، سووریە، یەمەن، عێراق و ئەفغانستان دەکات و سامانی خەڵکی ئێران لە پێناو کردەوە تێرۆریستییەکانی بەفێڕۆ دەدات.