میر زانیار
سیمبۆل، هێما و نیشانەکان ڕۆڵی بنەڕەتی و کاریگەر دەگێڕن لە بەخشینی هیوا و ئیرادە بە خەڵکی و هاوکات ڕێکخستنیان لە ڕاستای پێکهێنانی جووڵەیەکی بەرینی جەماوەری بە تایبەتیش ئەم ڕۆڵە لە چوارچێوەی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکاندا چەند قات گرینگییەکەی زیاتر دەبێت، چونکە ڕێژیمی دیکتاتۆر و سیستەمە کۆنترۆڵکەرەکەی هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە دەدەن کە خەڵک بەرەو ئەنجامدانی کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و جەماوەری هەنگاو نەنێت، ئەڵبەتە مەبەست لە کردەوەی شۆڕشگێڕانە لێرەدا تەنها کردەوەگەلێکی گەورە و بەرین نییە وەکوو خۆپیشاندان و مانگرتنێکی سەرتاسەری، چونکە زۆرجار بە تایبەتیش لە چوارچێوەی ڕێژیمێکی تۆتالیتێردا کە هیچ بوارێک بۆ ئەنجامدانی کردارێکی شۆڕشگێڕی بەرین نییە کردەوەیەکی سادە بەڵام دژ لەگەڵ بنەما برەوپێدراوەکانی دەسەڵات دەتوانێت ببێت بە سیمبۆل و دەستپێکێک بۆ کردەوەیەکی بەرینتر و شۆڕشێکی سەرتاسەریش.
مێژووی جووڵانەوە سیاسی و ئازادیخواز و ڕزگاریخوازەکان پڕن لە نموونەگەلێکی دیار و بەرچاو کە تێیدا هێمایەک دەبێتە هەوێنی شۆڕش و ڕابوونی خەڵک یاخود نەتەوەیەک، بۆ نموونە شۆڕشی ئامریکا کە لە لایەن کۆڵۆنییەکانی پێشووتری بریتانیا سەری هەڵدا هێمایەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەویش کە نیشاندەری ڕۆحی ئامریکایی بوو کە ئەویش مارێک بوو کە لە جوگرافیای ئامریکادا دەژیا و ئامریکاییەکان ئەم مارەیان کردبووە هێمایەک بۆ نیشاندانی ئیرادەی سەربەخۆییخوازی خۆیان و نووسراوی سەر وێنەی مارەکەش کە بە زمانی ئینگلیزی نووسرابوو: "پێم لێ مەنێ"، نیشاندەری بێزاری و ناڕازیبوونی ئامریکاییەکان بوو لە بەرامبەر زوڵم و زۆردارییەک کە بریتانیا بە لە ژێرپێنانی مافەکانیان دەیکرد، هەر ئەم هێماسازییە و برەوگرتنی ئیرادەی سەربەخۆییخوازیی ئامریکاییەکان ئەوانی بەرەو سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئازادیی خۆیان برد و بەجێیە کە ئاماژە بەوەش بدەین بیرۆکەی ئەم هێمایە بۆ یەکێک لە بنیادنەرانی ئامریکا دەگەڕێتەوە کە ئەویش "بنجامین فڕانکڵینـ"ـە و "کریستۆفێر گادسدێدن" ژێنێڕاڵی ئامریکایی وێنەکەی کێشاوە.
"فڕانکڵین" ئەو مارەی وەکوو هێمایەک بۆ ڕۆحی سەربەخۆییخواز و خەباتگێڕی ئامریکاییەکان دەبینی.
ئەگەر بمانهەوێت نموونەیەکی نوێ بۆ ئەم جۆرە هێماسازی یاخود بە هێمابوونە بهێنیینەوە کە تێیدا مرۆڤێک دەبێتە هێما دەتوانین "محمەد بوعزیزی"، بە نموونە وەربگرین، لە ١٧ی دێسامبری ٢٠١٠، دوابەدوای دەستبەسەرداگیرانی کەلوپەلکەکانی و بێڕێزیپێکرانی لە لایەن کارمەندێکی شارەدارییەوە، ئەم لاوە توونسییە لە بەردەم بینای شارەداریدا ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، گڕێک کە دواتر دەبێتە هەوێنی شۆڕشێکی گەورە و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی خێرا و بنەڕەتی لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە "بەهاری عەرەبی" دەناسرێت. ئەم نموونانە و زۆر نموونەی تریش بەڵگەی گرینگی و کاریگەریی سیمبۆلەکانە لەسەر خەڵک بە جۆرێک زۆرجار کە خەڵکی ناتوانن بە ئازادی ئەو شتە بڵێن کە دەیانهەوێت لە ئەنجامدا سیمبۆل و هێماگەلێک بەکاردەهێنن تا لەو ڕێگەوە مەبەستەکانیان بگەیەنن.
سیمبۆلەکان بەشێکی گرینگی شۆڕش و جووڵانەوە ئازادیخوازەکان پێکدەهێنێت، بە جۆرێک سیمبۆلەکان شوناسێکی تایبەت بە شۆڕشەکان دەبەخشن و لەم ڕێگایەوە خەڵک بۆ ڕیزەکانیان ڕادەکێشن، ئەڵبەتە هێماسازی دەبێت بە جۆرێک بێت کە وێنای ئیرادە و ویست و داخوازیی خەڵک بکات و دەبێت خەڵک خۆیان لە هێماکاندا بدۆزنەوە و بە هی خۆیان بزانن.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.