کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سینەماکارێکی کورد خەڵاتی تایبەتی بە دەست هێنا

09:59 - 3 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: "جەمشید بەهرامی" سینەماکاری کورد لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک خەڵاتی تایبەتیی سپۆنسەریی ئەو فستیڤاڵەی پێشکەش کرا.

لە شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک سینەماکاری کورد "جەمشید بەهرامی" خەڵکی شاری مەریوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات توانی خەڵاتی تایبەتیی سپۆنسەریی ئەو فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

بەهرامی لەو فێستڤاڵە بە فیلمی " دەنگ" بەشداری کردبوو و توانی سەرکەوتن لە بواری سینەمادا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە چیرۆکی پێشمەرگەیەکی تەمەن ٩٠ ساڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە دەیهەوێ بەشداری ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بکات، بەڵام بە هۆی نەبوونی ڕەگەزنامەی عێراقی ناتوانێ بەشداری بکات و کێشەی زۆری بۆ پێش دێت.

جەمشید بەهرامی پێشتریش فیلمی "چارەکێک هیوا"ـی لە دەرەوە بەرهەم هێناوە.

فیلمی "چارەکێک هیوا" پازدە خولەکە و چیرۆکی پێشمەرگەیەک باس دەکات کە لە سەروبەندی شەڕی داعش سەرەڕای نەخۆشی و ئازاری زۆر، بە هۆی خۆشەویستیی وڵات و هەستی نیشتمانپەروەری لە وڵاتی ئاڵمانەوە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە کوردستان.

جەمشید بەهرامی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، خەڵکی مەریوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی خوێندنی لە بواری هونەرە جوانەکان لە زانکۆی "بەهەشتی"ـی تاران تەواو کردووە و دواتر وەک مامۆستای هونەر لە شاری مەریوان دەستی بەکار کردووە؛ پاشان ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە زانکۆی تەورێز، بەشی شانۆی لە ئاستی کارناسی تەواو کردووە و سەردەمی خوێندکاری لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە مەریوان دەسبەسەر کراوە و وەک خوێندکاری ئەستێرەدار، مافی درێژەدان بە خوێندنی لێ زەوت کراوە.

بەهرامی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی سەر شەقام لە کورستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی شاری مەریوانە کە تا کاتی هاتنە دەرەوەی لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەیان کاری شانۆیی بەڕێوە بردووە و لە دەیان فستیڤاڵی ناوخۆیی و ناودەوڵەتی بەشداریی چالاکانەی هەبووە کە ڕەوتی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان ئێستا وەک پێشەنگی شانۆی سەرشەقام لە ئاستی هەموو ئێران، ناسراوە.

بەهرامی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بە هۆی گوشاری ئیتلاعات بە ناچاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەرەو کوردستانی باشوور بەجێهێشتووە و ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٢ وەک مامۆستا لە بەشی شانۆی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بووە و لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لە وڵاتی ئاڵمان دەژیت.

بەهرامی لە فیلمگەلی "زەلکاو"، فیلمی "بۆچی یان چرا"، فیلمی "ژان و ژین"، دەوری گێڕاوە.

شانۆی "چریکەی ئۆفیلیای ئەویندار"، یەکێک لە کارەکانی بەهرامیە کە وەک دەورگیڕ و وەرگێڕ و دەرهێنەر دەوری دیتووە، لە وڵاتی ئەویندار یەکێکی تر لە کارەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە.
شانۆی "باوک"، "چوار سندووق" دوو بەرهەمی شانۆیی تری ئەو دەرهێنەرە کوردەن کە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کراون.

هەروەها دەرهێنەریی فیلمگەلی "دیوار"، "هیوا"، "خنکاو"ی لە ئەستۆ بووە.