کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئێن: ئامریکا و هاوپەیمانەکانی خوازیاری گوشاری زیاترن بۆ سەر ئێران

11:54 - 8 خەزەڵوەر 2721

هەواڵدەریی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی ئامریکایی زۆر لەوە نیگەرانن کە وتووێژەکانی بەرجام لەگەڵ ئێران ئاکامی باشی نەبێت و بە شێوەیەکی چالاکانە هەوڵ دەدەن سزای نوێ بخنە سەر ڕێژیمی ئێران.

ئەو هەواڵدەرییە وتوویەتی، ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا بەنیسبەت ئەو بابەتەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە دیداری دەبێت.

سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەک کە ناوەکەیان ئاشکرا نەبووە وتوویەتی کە لە دەوڵەتی ''بایدنـ''ـدا باسێک لەسەر دۆخی هەنووکە و شێوەی گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ئارادایە.

ئەو هەواڵدەرییە باسی لەوە کردووە، ئەگەر ڕێژیمی ئێران درێژە بەو هەوڵانەی کە دژی ڕێککەوتنی ناوکییە بدات، ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن تێچوویەکی زۆر بخەنە سەر ئێران کە بە ڕێککەوتن نەگەن.

جۆ بایدن بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٨ی خەزەڵوەر لە شاری ''ڕۆمـ''ـی ئیتالیا لەگەڵ ڕێبەرانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا چاوپێکەوتنی هەبێت، ئەو دیدارە یەک ڕۆژ دوای گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا دژی پیشەی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدرێت.

شەش خول لە وتووێژەکانی بەرجام بەڕێوە چووە، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری "ئیبراهیم ڕەئیسی" وتوویژەکان ڕاوەستاون و هاوکات ڕێژیمی ئێران هەروا بەرنامەی ناوکیی خۆی بەرەوپێش دەبات و ئەمە نیگەرانیی توندی وڵاتانی ڕۆژاوایی لێ کەوتووەتەوە.