کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێبەری گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەبێت

11:53 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بڕیارێکی نوێدا، ٦ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بە لیستەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی خۆی زیاد کرد.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی، ٦ کەس و ٣ شیرکەتی ڕێژیمی ئێرانی خستە ناو لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی خۆیەوە لەم ڕێگایەوە گوشارەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران چڕتڕ بووەتەوە.

ئەو ٦ کەسەی کە لە لایەن ئامریکاوە گەمارۆی ئابوورییان دژی سەپاوە بریتین لە: ''عەبدولعەلی عەسگەری سەرۆکی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، حوسێن ئەڵڵاکەرەم سەرۆکی شۆرای هاوئاهەنگیی ئەنساری حیزبوڵڵا، عەبدولحوسێن فیرووزئابادی، عەبدولسەمەد خوڕەمئابادی جێگری دۆزگەری گشتیی ڕێژیمی ئێران، عەبدولحەمید مۆحتشەم سەرۆکی گشتیی ئەنساری حیزبوڵڵا و بەڕێوەبەری بلاڤۆکی "یالثارات الحسین" و هەروەها حەمید ئۆستاد بەرپرسی ئەنساری حیزبوڵڵای مەشهەد".

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، گرووپی حیزبوڵڵا و گرووپی بەرنامەنووسیی هانیستاشی خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

گرووپی بەرنامەنووسیی هانیستا، لە لایەن ئامریکا بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەو گرووپە بە دیزاین و بەرهەهێنانی دوو ئەپی "مۆبۆگرام و مۆبۆپلاس" لەسەر بەکارهێنەرانی ئێرانی سیخوڕی دەکات.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "وەلیوڵڵا سەیف"، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بانکی "ئیسلامیی ئەلبلاد"ی عێراقی بە هۆی سپیکردنەوەی پاره لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خستە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ئاشکرای کردووە: "سەیف بە هاوکاری لەگەڵ هێزی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای سیستمی ماڵیی نێودەوڵەتی بڕی میلیۆنان دۆلاری لە چوارچیوەی پارەی جۆراوجۆردا جێبەجێ کردووە، هەتا تێچووی چالاکییەکانی هێزی قودس لە دەرەوەی وڵات و گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا دابین بکات".