کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

12:24 - 2 رێبەندان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان سێمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٥مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

ئەم سێمینارە  لەلایەن کۆمیتەی "زاگرۆس" سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداری کادر، پێشمەرگە و ئەندامان بەڕێوە چوو.

ئەو سێمینارە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر " کەنێر مێهفەر" ئاماژەی بە تەوەری تایبەت بە سێمینارەکە کرد و پاشان "ڕووناک فەتحی "ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات و مامۆستا مەلا"حەسەن واژی" کادری سیاسیی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات هەرکام، تەوەری تایبەت بە سێمینارەکەیان پێشکەش بکەن.

سەرەتا " ڕووناک فەتحی" باسێکی گرینگی لە دامەزرانی کۆماری کوردستان وەکوو کیانێکی نەتەوەیی دێموکراتیک لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکێک لە سەروەرییە نەتەوەییەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد و سەردەمی سەرهەڵدانی مۆدێرنیتەیە کە ئەمڕۆ هەموو گەلی کورد شانازی پێوە دەکەن کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بیرکردنەوە لە ڕزگاری و ئازادیی ژن پێش ئەوەی باوەڕی کۆماری کوردستان بێ میراتێکی هزری پێشەوا قازی محەممەد بوو وەکوو ڕێبەرێکی مافخواز و مرۆفتەوەر.

پاشان مامۆستا" حەسەن واژی"باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر هۆکارەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان وهۆی ڕووخانی کۆمارە ١١ مانگەکەی کوردستان کرد.

مامۆستا "واژی" لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری کوردستان لەو هەلومەرجەی ئەوکاتدا، هەڵقووڵاوی کۆمەڵگای ئەو کات بوو.

ناوبراو ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان کرد کە ئەو دەستکەوتانە میراتی پێشەوا "قازی محەممەد"ن و ئێستاش پەیڕەویان لێدەکرێت.

مامۆستا واژی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە بیرکردنەوەی "پێشەوا قازی محەممەد" بەنیسبەت پرسی ژنان و بەشداری پێکردنیان لە ناو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کرد.

سێمینارەکە بە پرسیار و وڵامی بەشداربوون کۆتایی پێهات.