کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دوکتور سادق شەرەفکەندی بەڕێوەچوو

13:01 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنۆس، لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی، سێمینارێک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، لە شاری سلێمانی، بۆ ڕێزگرتن لە بیرەوەری و یادی شەهیدانی میکۆنۆس، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێورەسمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بۆ "حوسێن نازدار"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات پێکهێنا .

ئەم سێمینارە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد .

پاشان، "ڕەزا مورادی" بەرپرسی کۆمیتەی سلێمانی، کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور "سادق شەرفکەندی" و هاوڕێیانی پێشکەش کرد .

دواتر "حوسێن نازدار" لە سەرەتای قسەکانیدا، بە شێوەیەکی کورت باسی لە کارەساتی میکۆنۆس و ڕەوتی دادگا و بەدواداچوونەکانی بۆ ئەم ڕووداوەی کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی دادگای میکۆنۆس لە کورتکردنەوەی دەستی تێرۆری ڕێژیمی ئێران لە ئورووپادا کرد، بە شێوەیەک کە تا ئەم ساڵانەی دوایی ڕێژیمی ئێران نەیتوانیوە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی لەنێو خاکی ئورووپادا ئەنجام بدات.

"حوسێن نازدار" لە درێژەی قسەکانی خۆیدا، ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" لە مێژووی جووڵانەوەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کرد و ڕایگەیاند: "دوکتور سادق کەسایەتییەک بوو کە قسە و کردەوەکانی یەک بووە و جێنشینێکی لێوەشاوە بۆ شوێنی ڕێبەر دوکتور قاسملووی شەهید بوو و لە ڕاستیدا نەیهێشت کەلێنی بێ قاسملوویی بە حیزبی دێموکراتەوە دیار بێت".

هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاند کە دوکتور "سادق شەرەفکەندی" ڕۆڵی هەبووە لە لێک نزیککردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی و ئێرانی و هەروەها بەردەوام هاوکاریی خەباتی گەلی کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکرد.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا بەشداربووان ڕا و بۆچوونی خۆیان خستە بەرباس.