کوردستان میدیا: لە شاری ئامەد سەر بە کوردستانی باکوور سێمینارێک بۆ سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆركردنی دوكتور قاسملوو بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، کاتژمێر ١ی دوانیوۆڕ، بەپێی بەرنامەیەک كە لە لایەن وەقفی "ئیسماعیل بێشكچی"، لە شاری "ئامەد" ڕێك خرابوو، سێمینارێک بۆ سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو بەڕێوە چوو.
ئەو سێمینارە بە بەشداریی هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێموكرات، بە سەرپەرەستیی "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموکرات و بە بەشداریی بەشێكی بەرچاو لە هێز و لایەنە سیاسییەكان، ڕووناكبیر و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكانی باكووری كوردستان و میدیاكان، بە ڕاگرتنی خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی كوردستان بەڕێوە چوو، سێمینارەكە بە پێشاندانی فیلمێكی دیكومێنتاری كە بڕگەكانی ژیان و خەباتی دكتور قاسملووی لە خۆ گرتبوو، دەستی بە كارەكانی كرد.
وتاربێژانی ئەو سێمینارە بریتی بوون: مامۆستا "ئیسماعیل بێشكچی" گەورە نووسەر و ڕووناكبیری ناسراوی توركیە و دۆستی ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای كورد، "محەممەدساڵح قادری"، نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "مەسعود تەک"، سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و "ئیبراهیم گوچلوو"، ڕووناكبیر و تێكۆشەری دێرینی باكووری كوردستان.
وتاربێژانی سێمینارەكە لە بوارەكانی تایبەت بە مێژووی بزووتنەوەی كورد، پیلانی نەیاران بۆ كوشتنی ڕێبەرانیان و بەبێ ماف هێشتنەوەیان، ئامانجی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە تێرۆری دوكتور قاسملوو و ڕێبەرانی حیزبی دێموكرات، كاریگەرییەكانی ئەو تێرۆرانە لەسەر جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كورتەمێژووی حیزبی دێموكرات، ڕۆڵ و كەسایەتیی دوكتور قاسملوو لە سەرۆكایەتیكردنی حیزبی دێموكرات و پێشەنگایەتی جووڵانەوەی ڕۆژهەلاتی كوردستان لە ئاستی نێوخۆ و لە جیهاندا، بۆ بەشداربووان دوان، کە كۆی باسەكان بوونە مایەی سەرنج و پێشوازی بەشداربووان.
دوابەشی سێمینارەكە تەرخان كرا بۆ پرسیاری بەشداربووان و وڵامی پانێلیستەكان و بە شەرمەزاركردنی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و بەرزڕاگرتنی ناو و یادی دوكتور قاسملوو و بە دەربڕینی هاوسۆزیی پشتیوانیی بەشداربووان لە حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات.
لە پەراوێزی كاری سێمینارەكەدا، محەممەدساڵح قادری چەندین لێدوانی سەبارەت بەو سێمینارە و بارودۆخی جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ كاناڵە ڕاگەیاندنەکان دا.