کوردستان میدیا

شەممه 9ی رەشەمه 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر ڕۆڵی دوکتور "قاسملوو" لە ڕۆژنامەی "کوردستان" بەڕێوە چوو

11:09 - 23 رێبەندان 2720

لە زانکۆی کۆیە سێمينارێک بە ناونيشانی ڕۆڵى دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" لە ڕۆژنامەى "كوردستان" بەڕێوە چوو.

لە بەشى مێژووى دانیشکەدە پەروەردە لە زانکۆی کۆیە؛ سێمينارێک لەلایەن دوکتور "هوشمەند عەلى" لەژێر ناوی "ڕۆڵى عەبدولڕەحمان قاسملوو" لە ڕۆژنامەى "كوردستان" "ئۆرگانى ناوەنديى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران" (١٩٥٤-١٩٨٩)"  بە ئامادەبوونى مامۆستايانى بەش بەڕێوە چوو.

دوکتور هۆشمەند لەو سێمينارەدا تيشكى خستە سەر ڕۆڵى دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕۆژنامەى "كوردستانـ"ـدا.

لەو سێمینارەدا دوکتور "هوشمەند عەلی" باسی لەوە کرد دوكتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، جگە لەوەی سیاسییەكی دیار و دیپلۆماتكارێكی نێو جوڵانەوەی ئازادیخوازیی كورد بە گشتی و جوڵانەوەی ئازادیخوازی كورد بووە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هاوكات هەر لە سەرەتای دەستپێكی كاری سیاسی و حیزبایەتی، وەک ڕۆژنامەنوسێكیش لە ڕۆژنامەی كوردی و بیانییەكاندا وتاری ڕۆژنامەوانی نووسیوە. بەتایبەتیش ڕۆڵی كارا و گرینگی بینیوە لەبەرەو پێشبردن، دەرکردن و بەردەوامییەتی قۆناغە مێژووییە جیاوازەكانی ڕۆژنامەی كوردستان، ئۆرگانی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

به‌شی مێژوو وه‌کو به‌شێک له‌ به‌شه‌کانی دانیشکەدەی په‌روه‌رده‌ له ‌زانکۆی کۆیه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠١ کرایه‌وه‌. له‌م کاته‌وه‌ تا ساڵی ٢٠١٤ هه‌شت گرووپ له ‌خوێندکاران بڕوانامه‌ی لیسانسیان به‌ده‌ست هێناوه‌ و ده‌رچووی ئه‌م به‌شه‌ن.