کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەلایەن کۆمیتەی زاگرۆسەوە بەڕێوە چوو

10:18 - 17 رەشەمه 2720

کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەر بە دەزگای ڕێکخستنی حیزب، سێمینارێکی لەسەر کولتووری دێموکراتیک و ئەتیکێتە سیاسییەکان بۆ ئەندامانی کۆمیتە، کادر و پێشمەرگەکان بەڕێوە برد.

کۆمیتەی زاگرۆس لە زنجیرەی کار و چالاکییەکانیدا، سێمینارێکی بۆ دوکتور "میرۆ عەلیار" ئەندامی ناوەندی سیاسی و جێگری بەرپرسی ناوەندی سیاسی پێک هێنا.

بابەتی ئەو سێمینارە تایبەت بوو بە کولتوورە دێموکراتیکەکان و ئێتیکەتە سیاسییەکان و کولتووری یەکتر قبووڵکردن.

دوکتور "عەلیار" لە بابەتەکانی خۆیدا بە وردی پەرژابووە سەر چۆنیەتیی پێکهاتنی کولتوور و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە کولتوور بە تێپەڕینی کات گۆڕانی بەسەردا دێت و جاری وایە نامێنێت یان پێچەوانەوە دەبێتەوە یان کولتوورێکی نوێ بەدی دێت.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا وتی کە جیاوازی لە کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەو کۆمەڵگایە و حاشاهەڵنەگرە کە جیاوازی کێشەش لەگەڵ خۆی دێنێت و ئێمە دەبێ ڕێگاچارە بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە ببینینەوە، بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییانە بکەین بە دەرفەت.

ناوبراو وەک ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیاوازی لە کۆمەڵگادا ڕایگەیاند کە ئێمە دەبێ فێری فەرهەنگی یەکتر قبووڵکردن و کولتووری دێموکراتیک ببین.

دوکتور "عەلیار" هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دایکی کولتووری دێموکراتیک ڕێزگرتنە لە بیر و باوەڕی جیاواز؛ ئەگەر توانیمان ئەوە ڕەچاو بکەین واتە بناخەی بنەمایەکی پتەوی دێموکراتیکمان داناوە.

کۆتا بەشی سێمینارەکە تایبەت بوو بە ڕەخنە و پێشنیار و ڕا و بۆچوونی بەشداربووانی سێمینارەکە کە لەلایەن دوکتور "میرۆ"وە وڵام درانەوە.