کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەژێر ناوی "زمانی دایک ناسنامەی نەتەوەیە"، بەڕێوەچوو

16:16 - 2 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، سێمینارێکی بە مەبەستی خستنەڕووی گرینگیی زمانی دایکی لە پەروەردە و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ تواندنەوەی زمانی نەتەوە بندەستەکان، بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕەزبەر، هاوکات لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێراندا و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ تواندنەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکە لە ڕێگەی ناوەندەکانی فێرکردن، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات، سێمینارێکی لەژێر ناوی "زمانی دایک ناسنامەی نەتەوەیە" بۆ "جەماڵ فەتحی"، جێگیر سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات، پێکهێنا.

سەرەتای ئەم سێمینارە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "جەماڵ فەتحی" باسەکەی خۆی پێشکەش بە بەشداربووانی سێمینارەکە کرد کە لە باسەکەیدا ئاماژەی بە ڕەوتی لەنێوبردنی زمانی نەتەوە کەمدەستەکان و کاریگەرییەکانی خوێندنی بە زمانی بێگانە کرد کە لە ئەنجامدا منداڵێک کە بە زمانێکی بێگانە لە زمانی دایکی دەخوێنێت، تووشی نامۆبوون لە کۆمەڵگا دەبێت.

ناوبراو لەبارەی نوێترین گەڵاڵەی ڕێژیم بە ناوی "تێستی بەسندەگی زمانی فارسی"، بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "لەم گەڵاڵەیەدا ڕێژیمی ئیسلامی، ڕاهاتوویی و ئاشنایەتیی منداڵانی کورد لەگەڵ زمانی فارسی تاقی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانن چەنێک ڕستەی کوردی بەکار دەهێنن، تا بەجۆرێک پەروەردەیان بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زمانی کوردییان لە بیر بباتەوە".

"فەتحی"، لە درێژەی قسەکانی خۆیدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردستان میدیا باسی لە ڕەوتی لەنێوبردنی زمانی کوردی و باقی نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند: "ئەم ڕەوتە لە سەردەمی پەهلەویدا دەستی پێکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو کارەیان کردووە و سەرەڕای تێچووە زۆرەکانیان، ئەم پیلان و پرۆسەیان بۆ جێبەجێ نەبووە، چونکە خەڵک و کەسانێکی نیشتمانپەرەوەر هەن کە هەستیان بەم پرۆژانەی ڕێژیم کردووە و بە دانانی ئەنجومەن و ناوەندە فەرهەنگییەکان بەرپەرچی ئەم کارانەی ڕێژیمیان داوەتەوە".