کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرێکی ئامریکا: بایدن لە گەڕانەوەی گەورەترین ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریزم پێشوازی دەکات

10:58 - 15 رەشەمه 2721

هەوڵەکانی دوڵەتی ''جۆ بایدن'' وێڕای وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەروا دژایەتیی لەگەڵ دەکرێت و زۆرێک لە سێناتۆر و نوێنەرانی ئامریکا لەمەڕ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هۆشداری دەدەن.

''کوین کرمێر'' سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: ''بایدن لە گەڕانەوەی گەورەترین ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریزم بۆ گۆڕەپانی جیهانی پێشوازی دەکات''.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئێرانێکی تەیار بە ئورانیۆمی پیتێندراو تەنیا ئەمنییەتی نیشتیمانیی ئێمە و ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە؛ پێکهاتن کارساز نییە''.

وتووێژەکانی بەرجام لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکا گوشاریان بۆ ڕێژیمی ئێران هێناوە کە نابێ چیدیکە ڕەوتی ئەو وتووێژانە درێژە بکێشێت و دەبێ کۆتایی پێ بێت.

ڕێژیمی ئێران داوای هەڵگرتنی تەواوی ئەو گەمارۆیانە دەکات کە لە دەورەی سەرکۆماریی "دۆناڵد ترامپـ"ـدا بەسەریدا سەپاوە، بەڵام ئامریکا وتوویەتی ئەو گەمارۆیانەی کە بە هۆکاری "مافی مرۆڤی" یان "پشتیوانی لە تێرۆریزم" بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاون، ئیمکانی هەڵوەشانەوەیان نییە و بەپێی ڕێککەوتن تەنیا دەتوانن گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە پرسی ناوکی لەسەر ڕێژیمی ئێران هەڵبگرن.