کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرێکی بێلژیکی پشتیوانیی لە کەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" کردووە

13:16 - 1 جۆزەردان 2720

لە درێژەی هەوڵ و چالاکییەکانی سیاسەتوانانی یەکیەتیی ئورووپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر کەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، سێناتۆرێکی بێلژیکی نامەیەکی بۆ باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە بروکسێل ناردووە.

"مارک دێمسمایكێر"، سێناتۆری بێلژیكی لە نامەیەكدا بو باڵوێزی ئێران لە "بروكسێل"، نیگەرانیی زۆری خۆی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

"دێمسمایکێر" لە نامەكەیدا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی بەندكراوانی سیاسی لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها كوشتنی كۆڵبەرانی بێتاوان، بە شێوەیەكی كونكرێت ئاماژەی بە كەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" کردووە.

ئەو سێناتۆرەی بێلژیک لە نامەکەیدا بەنیسبەت کەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" داوای زانیاریی لە باڵوێزی ئێران کردووە.

هەروەها ناوبراو لە کۆتایی نامەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو بەندکراوە سیاسییەی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کردووە.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" زیاتر لە دوو حەوتوو دەبێت لە شوێنی خۆی گوازراوەتەوە و كاربەدەستانی بەندیخانە و دەزگای بەناو دادوەری و ئێتلاعات ئامادە نین هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو بدەن.