کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان بەردەوامە

11:31 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان بە نیسبەت جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان پێی نایە ڕۆژی سێهەمەوە و چەندین شاری دیکەی کوردستان و ئێران پەیوەست بەو مانگرتنە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە، مامۆستایانی کوردستان و ئێران بۆ سێهەمین ڕۆژ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەستیان دایە مانگرتن.

مانگرتنی ئەمڕۆی مامۆستایانی کوردستان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بەڕێوە چووە و هاوکات چەندین شاری دیکەش پەیوەست بەو مانگرتنە بوونە.

ئەو مانگرتنە لە مانگرتنی مانگی خەزەڵوەر یەکگرتووتر و بەربڵاوترە.

شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ڕایگەیاندووە: "هەواڵەکان دەرخەری ئەوەن، کە لە سەرجەم پارێزگاکان مانگرتن بەڕێوە دەچێت و لە زیاتر لە سەد شار و دەیان گوند مانگرتنیان بەڕێوە بردووە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی مانگرتووان هەواڵێکیان لە مانگرتنەکانی خۆیان بڵاو نەکردووەتەوە.

بە وتەی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، تەنیا لە شاری سەقز ٥٠ قوتابخانە بە شێوەیەکی بەرین مانگرتنیان بەڕێوە بردووە و هەندێک قوتابخانەش داخراون.

فەرهەنگیان جەختیان کردووەتەوە، ئەو مانگرتنەی فەرهەنگیان هەڵوێستێکی تەواو خۆڕسک، سەرتاسەری و دوور لە سیاسەت و دەستەبازییە.

ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمە، شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، لە بانگەوازێکدا داوای لە مامۆستایان کرد، بە هۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەمە، لە شوێنی کارەکانیان ئامادە بن، بەڵام لە ڕۆیشتن بۆ سەر پۆلەکانی وانەوتنەوە خۆ ببوێرن.

پێشتریش مامۆستایان لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر، هەروەها ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر، لەسەر داوای شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران دەستیان دابووە مانگرتن.

ئەمڕۆ ڕۆژی کۆتاییی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێران و کوردستانە.