کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین ڕۆژی مانگرتنی گشتیی مامۆستایان لە شارەکانی ئێران و کوردستان

17:16 - 22 سەرماوەز 2721

لە درێژەی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز مامۆستایان لە قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان لە سێهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیی خۆیان هەروا مانیان گرتووە و نەچوونەتە سەر پۆلەکانیان.

خولێکی نوێ لە مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازی بەنیسبەت بەڕێوەنەچوونی ''گەڵاڵەی پلەبەندی'' و ''یاسای هاوسەنگکردنی مووچەکان'' کە لە ڕۆژی شەممەوە لە دەیان شاری ئێران و کوردستان دەستی پێ کردووە هەتا ئەمڕۆ دووشەممە درێژەی هەبووە، ئەو مانگرتنە بە دوای بانگهێشتی شورای هاوئاهەنگیی یەکیەتیی سێنفیی مامۆستایان لە ئێران بەڕێوە چووە.

لە چەندین شاری کوردستانیش وەکوو ''ورمێ، سەقز، مەریوان، کرماشان، سنە و بیجار'' مامۆستایان پێوەست بەو مانگرتنە گشتییە بوون.

سەرچاوەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیایان ڕاگەیاندووە کە لە شارەکانی پارێزگای سنە و ورمێ شەوی ڕابردوو هەم حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و هەم ئیدارەی ئیتلاعات بە بانگکردن و هەڕەشەکردن لە مامۆستایان پێیان وتوون کە نابێ لە مانگرتندا بەشداری بکەن.

هەروەها لە سنە، سەقز، بۆکان، پیرانشار و مەریوان چەندین مامۆستا بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

مامۆستایان کە بە شێوەیەکی مەدەنییانە داوای مافی خۆیان دەکەن، ڕێژیمی ئێران وەکوو پێشوو لە ڕێگای دەسبەسەرکردن و سەرکوتکردن وڵامی داواکارییەکانیان دەداتەوە.

ئەمڕۆ لە تاران مامۆستایان کە بۆ داوای مافەکانیان لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم کۆ ببوونەوە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هێرشیان کرایە سەر.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، لە شاری سەقز "ئامانج ئەمینی" چالاکی سێنفیی مامۆستایان بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

مامۆستایان داواکارن مووچەکەیان لەگەڵ هەڵاوسان بەرابەر بێت و وەکوو هەموو فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەتی مووچەکانیان بەرز بکرێتەوە.

مامۆستایانی خانەنشینکراویش داوای ئەوە دەکەن مووچەکەیان هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەبەندیی مووچەی مامۆستایانی لەسەر کار، زیاد بکرێت.

بە پەرەگرتنی قەیرانی ئابووری و هەژاری لە ئێران، تەنیا مامۆستایان نین کە ناڕازی بن، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەموو بەردەوام بەنیسبەت گرانی و هەژاری و دەیان گرفتی دیکە کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بەرۆکیانی گرتووە، لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتی و داوکاریی خۆیان هاوار دەکەن. بەڵام بەجێگای گرینیگیدان بە داواکارییەکان، وڵامی خەڵکی ناڕازی سەرکوت و دەسبەسەرکردن بووە.