گۆڤاری ورە کە کاتنامەیەکی نیزامیی و پێشمەرگانەیە و لەلایەن بەشی ئامووزشیی دەزگای فەرماندەهیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئامادە دەکرێت، ژمارەی سێهەمی لە ٤٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
گۆڤاری ورە کاتنامەیەکی پێشمەرگانە نیزامییە کە بەشی ئامووزشیی دەزگای فەرماندەهیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەری دەکات و دەپەرژێتە سەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە جۆرەکانی شەڕ، تاکتیکەکانی شەڕ و زانستی شەڕ و بابەتە پەیوەندیدارەکانی.
ئەو گۆڤارە پێکهاتووە لە چوار بەشی: "سەروتار، دیمانە، هزری، سیاسی- نیزامی و پێشمەرگانە" کە زۆربەی بابەت و وتارەکانی ئەو گۆڤارە دەرهاویشتەی زەینی پێشمەرگەکانی کچ و کوڕه.
لە ژمارەی سێهەمی ئەم گۆڤارەدا کە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان چاپ و بڵاو بوویەوە، بابەتی جیاواز لەوانە: "بەرگریی ڕەوا بە چ مانایەک، شەش بەرهەمی نیزامیی مائۆ، شەڕی نەرم، سەرهەڵدانی تێرۆر، ڕێکخراوی بەسیج لە ئێراندا خەریکی چییە، چەمکە نیزامییەکان/ستراتێژیی نیزامی، کورتە مێژووی شەڕی پارتیزانی، شەڕە سەلیبییەکان لە مێژوودا، جەنگی چاڵدێران لە دیوی ناوەوە، چەکی ئەتۆمیی ئاخوندەکان، جاشێتی و دیاردەی جاش قەڵەمی، سەربردەی هێزی پێشەوا و ڕاهێنان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا" تەرکیزی خراوەتە سەر و لەو گۆڤارەدا جێیان گرتووە.
هەروەها لە بەشی دیمانەی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری ورەدا دیمانەیەک لەگەڵ "مستەفا هیجری" فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حیزب لەژێر ناونیشانی "ئامانجمان پەروەردەی هێزێکی ئامادەی مەیدانییە" ئەنجام دراوە.
"مســتەفا هیجــری" لــەم هەڤپەیڤینــەدا، وڵامــی چەنــد پرســیارێکی گۆڤــاری "ورە"ی لەپێوەنــدی لەگەڵ باسـەکانی پێشــمەرگایەتی لــە خەباتــی ڕاســان داوەتــەوە. هێــزی شــوێندانەر، هەنگاوەکانـی داهاتـووی هێـزی پێشـمەرگە، هەوڵەکان بۆ ڕێکخسـتنی هێــزی چەکــداری حیزبەکانــی کوردســتانی ئێــران و... بەشــێک لــەو پرسـیارانەن کـە ڕووبـەڕووی بەڕێزیـان کراونەتـەوە.
کاری گرافیک و دیزاینی ئەو گۆڤارە لەلایەن "ئاسۆ مامزادەوە" ئەنجام دراوە کە هەر ژمارەیەک لەو گۆڤارەی بە تایبەتمەندیی خۆیەوە دیزاین دەکات.
ئامانج لە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو گۆڤارە پەروەردەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بە خوێندنەوە نووسین و بیرکردنەوە و هەروەها پێدانی زانیاریی زیاتر لە بابەتی شێوازەکانی شەڕ و زانستی شەڕەوە.