کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێکوچکەی ئێران، تورکیە و ڕووسیە خەریکە لێک دەترازێت

13:29 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بڕیار و پەیمانەکانی سێ وڵاتی ئێران، تورکیە و ڕووسیە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە سووریە و ناوچەکە، بڕی مانگێکیان نەکرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە، بۆ وتووێژ و دیدار لەگەڵ ویلادمیر پووتین، سەرکۆماری ڕووسیە، بۆ ئەو وڵاتە سەفەر دەکات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراەکانی نێوخۆی ڕووسیە و تورکیە، گرنگترین ئامانجەکانی ئەم سەفەرەی ئەردۆغان ئەوەیە، هەتا رێژیمی بەشار ئەسەد، کە ڕووسیە پشتیوانی لێ دەکات، هێرشەکانی بۆ سەر ئدلب ڕابگرێت و هەروەها نیگەرانیی ئەردۆغان لەمەڕ هەبوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەتایبەت لە نزیک سنوورەکانی تورکیە بە پووتین ڕابگەینێت، ئەو نیگەرانییەی کە لە دانیشتنە سێ قۆڵییەکەیان لە تاران نەدەکرا باسی لێوە بکرێت.

کۆشکی کێرملین، ڕایگەیاندووە، کە پووتین و ئەردۆغان لە سووچی، بابەتگەلێک وەکوو هاوکاریی دوو لایەنە و سازین لە سووریە و هەروەها هاوکارییەکانیان لە بواری وزەوە تاوتوێ دەکەن.

ئەردۆغان کە چەند ڕۆژ پێش لەگەڵ پووتین و ڕۆحانی لە تاران چاوپێکەوتن و دانیشتنی هەبوو، نەیتوانی لەگەڵ ئەو دوو سەرکۆماری بە ڕێککەوتنی ئاگربەس لە سووریە بگات، چونکە پووتین لەسەر نۆژەنکردنەوەی سووریە پێداگری دەکرد و ڕۆحانیش وەک هەمیشە لەسەر مانەوەی هێزەکانیان لە سووریە بۆ شەڕ لەگەڵ دژبەرانی بەشار ئەسەد سوور بوو.

ئەم کۆبوونەوەیە کە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی تاکلایەنە پێک هاتبوو، بە هۆی بێبنەمابوونی دانیشتنەکانیان، کەمتر لە یەک مانگ بڕیارەکانی هەڵوەشایەوە، کە دەکرێت ئاماژە بکرێت بە بڕیاری زیادکردنی بەرهەمی نەوت لە لایەن ڕووسیەوە بۆ قەرەبووکردنەوە کەمیی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان، کە بڕیارە لە نیوەی مانگی گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران توندتر بکرێتەوە و هیچ وڵاتێک نەوت لە ڕێژیمی ئێران نەکڕێت.