کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی کوردستانی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی سوید بەشدارییان کردووە

22:04 - 22 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران، لە هەڵبژاردنەکانی پارلمان سوید کە رێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٣ بەڕێوە دەچیت، بەشداری دەکەن.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوو هاووڵاتیی کوردستانی ئێران دانیشتووی وڵاتی سوید لە لیستی حیزبی سوسیال دێموکرات و هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لەسەر لیستی حیزبی چەپ خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پارلمانی ئەو وڵاتە پاڵاوتووە.

10114.jpg
عەبدووڵڵا عەبدی کاندیداتۆری هەڵبژاردنەکانی پارلمانی سوید لە چوارچێوەی لیستەی حیزبی سوسیال دێموکرات

عەبدووڵڵا عەبدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە لە کوردستانی ئێران، تەمەن ٤٥ ساڵ و دانیشتووی سوید، لە چوارچێوەی لیستی حیزبی سوسیال دێموکرات لە پارێزگای Västmanland لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی سوید بەشداریی کردووە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران بە ناوی شادی حەیدەری، تەمەن ٤٧ ساڵ لە لیستەی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید لە یووتبۆری بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی پارڵمانی ئەو وڵاتە خۆی پاڵاوتووە.

هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران و دانیشتووی سوید لە سەر لیستی حیزبی چەپی ئەو وڵاتە کاندیداتۆریەکیان هەیە.

10112.jpg
شادی حەیدەری کاندیداتۆری حیزبی سوسیال دێموکرات بۆ پارلمانی سوید


ئامینە کاکەباوە هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی ئێران و کاندیداتۆری پارلمان لەسەر لیستی حیزبی چەپی وڵاتی سوید لە پارێزگای ستۆکهۆڵم بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە.


دەسەڵاتداریی سوید سەڵتەنەتی مەشرووتەییە کە بەرپرسایەتی پاشا بوون تەنیا رەواڵەتییە و هیچ جۆرە ئەرکێکی بەڕێوەبەرایەتی نییە و بەشێوەی سەمبولیک رێبەری ئەو وڵاتەیە.

پارلمانی سوید ٣٤٩ ئەندامی هەیە و ئەندامانی ئەوە پارلمانە بە نیسبەتی حەشیمەتی هەر ناوچەیەک بە دەنگی گشتیی کەسانی باڵغ بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

سەرۆکی پارلمانی سوید کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێرێت کە لەلایەن زۆرینەی پارلمان پشتیوانی لێ بکرێت.

سەرۆک وەزیرانیش کابینەی وەزیرانێک هەڵدەبژێن کە وڵامدەریی پارڵمان بێت.

حیزبی سوسیال دێموکرات، حیزبی میانەڕەو (محافظەکار)، حیزبی لیبراڵ، حیزبی میانەڕەو، حیزبی دێموکراسی نوێ (راست گرا)، حیزبی چەپ( کۆمۆنیستی پێشوو) لە سەرەکی ترین حیزبەکانی وڵاتی سویدن کە بۆ وەدەستهێانی کورسییەکانی پارلمان کێبڕکێ دەکەن.

حێزبی ئیبتکاری فمێنیستی(Feministisk initiativ)، حیزبی دێموکراتی سوید(Sverigedemokratern)، حیزبی دێموکرات مەسیحی(Kristdemokraterna)، حیزبی ژینگە(Miljِpartiet)، حیزبی ناوەند(Centerpartiet)، حیزبی ئیسلاح تەڵەبی بێ لایەن(Reformist Neutralpartiet)،حیزبی واحد(Enhet)، حێزبی دێموکراتی سوڵح تەڵەب(Fredsdemokraterna) ،حیزبی دێموکراتی موستەقیم(Direktdemokraterna)، لە حیزبەکانی بەشداربووی ئەو خولە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئە وڵاتەن.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٤ی سێپتامبری ٢٠١٤ی زایینی، هەڵبژاردنی سەرتاسەری بۆ پارلمان و هەروەها شار و پارێزگاکانی ئەو وڵاتە لە سوید بەڕێوە دەچێت.