کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هێزی سیاسی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر بایکۆتکردنی هەڵبژرادنەکان لە ئێراندا کۆبوونەوە

14:31 - 5 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سێ هێزی سیاسی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر پرسی شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیم و بارودۆخی نالەباری ئێران لە وڵاتی سوید کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، دانیشتنێکی هاوبەش لە نێوان سێ هێزی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی ئێران پێکهات.

لەو دانیشتنەدا، هەریەک لە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ستۆکهۆڵم، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزب مردم بلوچستان لە ستۆکهۆڵم پێکەوە کۆبوونەوە و بە تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی نالەباری ئێران و ئەو نیگەرانییانەی کە ڕێژیمی ئێران لە ناو خەڵکدا دروستی کردووە، باس و گفتوگۆیان کرد.

لە درێژەی ئەو باسەدا هەر سێ لایەن لە سەر ئەوەیکە هیچ کاتێک لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا نە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک بەڕێوەچووە دەچێ، نە بەلای دەسەڵاتدارانی ویلایەتی فەقیهیشەوە دەنگ و خواستی خەڵک گرینگ بووە هاوڕا بوون.

هەر سێ لایەنی سیاسی بە پێداگرتنەوە لە سەر سیاسەتی حیزبەکانیان لە بایکۆتی هەڵبژاردنی فریودان و نادێموکراتیک گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە بۆ خستنەبەرچاوی بیروڕای گشتی و سویدیەکان، چالاکییەکی ناڕەزایەتی لە ڕاستای ڕیسوایی و لەقاودانی سیناریۆ بە ناو دێموکراتیەکەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕیژیمی ئێرانە، بەڕێوە بەرن.

ئەم سێ لایەنە کە لە پێکهێنەرانی سەرەکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵن، لەم ڕێگایەوە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، چالاکانی مەدەنی و هەموو دژبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەن هاودەنگیان بکەن تا بتوانن پێکەوە خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی بەربڵاو بەڕێوە بەرن.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا هەر سێ لایەن بڕیاریان دا کە هەرچی زووتر لە چالاکییەکی مەدەنییانەدا لە شاری ستۆکهۆڵم بۆ بەرەنگار بوونەوە و دژ بە نادێموکراتیک بوونی هەڵبژاردن لە ئێران و پەرەئەستاندنی ئیعدامەکان و گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، خۆپێشاندانێک بەڕێوە ببەن.

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییەدا هەر سێ لایەن لەسەر هاوپێوەندی زیاتر و دۆستایەتی پتەوتر ڕێککەوتن بڕیاردرا لە داهاتوودا زیاتر هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر بکەن.