کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ چالاکی ژینگەپارێزی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ناوچەی "پاوە" شەهید کران

11:34 - 9 پووشپەڕ 2720

لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران و ئاگربەردان لە دارستانەکانی کوردستان، سێ چالاکی ژینگەپارێزی لە ناوچەی مەرەخێڵ و بۆزینی پاوە، شەهید کران.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.

ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "بۆزین و مەرەخێڵ"، تووشی ئەو ڕووداوە بوون و سەرئەنجام لە گەمارۆی ئاگردا گیانیان فیدای خاک و ژینگەی کوردستان کرد.

لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە، بەهۆی ئاگربەردانەکان لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، بەشێکی زۆر لە ژینگەی کوردستان بوو بە قوربانیی سیاسەتی ڕێژیمی ئێران و لە ئاگردا لەنێو چوون.

ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان بە ناوەکانی شەهید "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، محەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەکیمی‌ نیا" لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەم شارە، شەهید کران.

شەهیدکرانی ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە کارەساتێکی دیکەیە لە جەستەی کوردستان و خەمێکی قورسی خستە دڵی خەڵکی کوردستانەوە.